کڵچدارئۆغڵو ماڵئاوایی لە فراکسیۆنی پارتەکەی کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە شەوی رابردوو لەلایەن هاوپەیمانیی میلـلەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێرکرا، دوایین گوتاری لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی پێشکێشکرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7-3-2023، لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و جەماوەری جەهەپە، کڵچدارئۆغڵو گوتارێکی پێشکێشکرد و سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە پشتگیرییان کرد لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
 
لەکاتێکدا کەمتر لە 70 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا ماوە، کڵچدارئۆغڵو مژدەی بە ئامادەبووان دا بەوەی "سەرکەوت"نیان نزیکە. هەروەها گوتی: "دوایین جارە لەسەر ئەم سەکۆیە بەناوی شەرەفی خەڵکەکەمان و چارەنووسی دیموکراسییانە قسە دەکەم".
 
سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەروەها ناوی ئەو 5 سەرۆک پارتەی هێنا کە لە نێو هاوپەیمانیی میلـلەتن، سوپاسی کردن بۆ ئەو پشتگیرییەی نیشانیانداوە. 
 
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هاوپەیمانیی میلـلەت لەگەڵ ئیی پارتی، کڵچدارئۆغڵو گوتی: "خاتوو مێرال مەردانەیە و خەباتی گەورەی هەیە. ئەو لە باوەشی دایک دەزانێ و ئەگەر کاتی هات دەشزانێت چۆن بە مشتەکۆڵە لە مێز دەدات. دەمەوێ تەواوی هاوڕێکانم بزانن کە من سوپاسگوزاری ئەوم".
 
سەبارەت بەو ناکۆکییانەی دوای جیابوونەوە سێ رۆژییەکەی ئاکشەنەر و لێدوانە تووندەکانی، کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند: "کەسانێک لە یەکەم ساتی دروستبوونی ناکۆکییەکان چەند قسەیەکیان کرد کە نەدەبوو بیکەن. بەخوا ئێوە ئاکشەنەرتان نەناسیوە. هەندێکجار لە مێزەکەی بەردەمی دەدات، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دەمارە نەتەوەییەکەی".
 
کڵچدارئۆغڵو داوای گەردنئازادیی لە ئامادەبووان کرد و گوتی: لەمەودوا دەستپێدەکەن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی نەخشەڕێگەی شەش پارتەکەی هاوپەیمانیی میلـلەت، ئەگەر کڵچدارئۆغڵو هەڵبژاردنەکە بباتەوە و ببێتە سەرۆککۆمار، پێویستە دەست لە پۆستی سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەڵبگرێت و بیلایەن بێت.