ئیی پارتی بە تەواوی دەنگەکانیەوە دژایەتیی پرۆسەی ئاشتی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارانی ئیی پارتی دژایەتیی گوتەکانی جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە چاندار بە گرنگییەوە باسی پشتگیریی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی کرد.
 
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە گوتی، "دەرگەیەک بۆ قۆناخی ئاشتیی نێوخۆیی واڵا دەکرێت، با زیانی پێ نەگەیێنین. با لە هەموو هەنگاو و پێشنیازنامەیەکی دژە دیموکراسی دووربکەوینەوە. با بیانکشێنینەوە، هەریەکێکیشمان پشتیوانیی کرانەوەی دەرگەی ئاشتی بکەین".
 
ئیی پارتی بە 24 پەرلەمانتارەوە کە 4٪ـی دەنگەکانی تورکیایە، دژایەتیی پرۆسەی ئاشتی دەکات، پەرلەماتارێکی پارتەکە دەڵێت، پرۆسەکە داواکاریی زمانی دووەم لە تورکیا و فیدراڵیی لەدوایەوە.
 
یوکسەل سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی باس لەوە دەکات "سیناریۆیەکی دیکەی خیانەت دەنووسرێتەوە کە سەر لە بەری درۆیە. کۆماری تورکیا و گەلی تورک رووبەڕووی پرۆژەیەکی ناپاک بوونەتەوە، کە چەواشەکاری و فێڵکردنی گەورەی تێدایە".
 
پرۆسەکە لە تەوقەیەکی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەستیپێکرد، بەجۆرێک تەنانەت بۆ سیاسەتڤانانیش هەژەند بوو. دواتر هەنگاوەکە خۆشحاڵی و رەزامەندیی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەدوادا هات.
 
ئێستاش پەکەکە رەزامەندیی بەرامبەر بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نیشانداوە تاوەکو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، مەرجی پەکەکە ئەوەیە ئۆجەلان خۆی سەرکردایەتی هەڵوەشاندنەوە بکات.