ئەردۆغان: چاوەڕێ دەکەین دانوستاندنەکانی ئەندامێتیمان لە یەکێتیی ئەورووپا زیندوو بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، چاوەڕێ دەکەن دانوستاندنەکانی ئەندامێتیی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا زیندوو بکرێتەوە.
ئەردۆغان ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی سەرکردەکانی وڵاتانی هاوبیر، کە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە رێکخرابوو گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان گوتی، "دەرکەوتووە کە تورکیا چەندە هەستیارە بۆ ئاسایشی ئابووریی ئەورووپا و پاراستنی. ئێمە ئامانجی خۆمان بۆ ئەندامێتیی تەواو زۆر بە هێزەوە دەپارێزین. هیوادارین دانوستاندنەکانی ئەندامێتیمان زیندوو بکرێتەوە. ئامادەین هەر جۆرە بەشدارییەک بکەین، لەوانەش میوانداری، بۆ دامەزراندنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و شەرەفمەندانە لە ئۆکرانیا".
ئەردۆغان بە ئاماژدان بەوەی پشتیوانییەکی بەهێزیان لە یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە کردووە، گوتی، "پشتگیری لە بیرۆکەی وەستاندنی هێرشەکان دەکەین. هەوڵەکانمان بۆ رێککەوتن لە دەریای رەشیش هاوکاتە لەگەڵ ئەم رێبازە. با لەبیرمان نەچێت کە ئاسایشی ئەورووپا پرسێک نییە بۆ ئەندامانی یەکێتییەکە، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی ئەوروپییە. دەمانەوێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆ وەک دەرکەوتنی رێبازێکی واقیعی ببینن".
توركیا لە ساڵی 1987 داوای ئەندامیێتی پێشكەش بە ئەوروپییەكان كردووە. لە ساڵی 1999ـوە توركیا بە فەرمی وەكو بەربژێری ئەندامیێتی لە یەكێتیی ئەورووپا ناسراوە. دانوستاندنەكانیش لە ساڵی 2005ـوە دەستیانپێكردووە.
ساڵی 2016، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا وەستان، یەکێتیییەکە تورکیای بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کەمبوونەوەی سەروەریی یاسا لە وڵاتەکە" تۆمەتبارکرد و بەفەرمی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنقەرە بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتییەکە هەڵپەسارد.