هاکان فیدان: پەیاممان پێداون کە نابێت مووشەکی دیکە لە ئێرانەوە بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی نافەرمیی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک رایگەیاند: "نامانەوێت شەڕەکە زیاتر تەشەنە بکات". هەروەها لەبارەی ئەو مووشەکەی کەوتە ناو خاکی تورکیاوە گوتی: "ناکەوینە داوی هیچ تێکدەرییەکەوە و پەیاممان پێگەیاندوون کە نابێت مووشەکی دیکە لە ئێرانەوە بێت."
کۆبوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتەکانی تورک، رۆژی شەممە 7-3-2026، لە ئیستەنبووڵ بە ئامادەیی تورکیا، ئازەربایجان، کازاخستان، قیرگیزستان و ئۆزبەکستان بەڕێوەچوو.
دوایین گۆڕانکارییەکانی ناو رێکخراوەکە و هەنگاوەکانی داهاتوو تاووتوێ کران و بیروڕا لەبارەی پرسە جیهانی و ناوچەییەکان گۆڕدرانەوە.
فیدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لەو رۆژانەدا کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێن، وەک جیهانی تورک درک بەوە دەکەین کە پێویستە پشتیوانیی زیاتر نیشان بدەین."
هاکان فیدان گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین. نامانەوێت شەڕەکە هەڵکشانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. ئێستاش دەڵێین تاکە بژاردە، رێگەی دیپلۆماسییە. ئەجێندای فراوانخوازی و دابەشکاریی ئیسرائیل روونە. ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا، لەگەڵ ئاشتیداین. هاوکات بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە وڵاتانی سێیەم دەکەنە ئامانج."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی هەڵوێست و تێڕوانینی ئەنقەرەی لەبارەی ئێران کرد و گوتی: "لە سەرەتای جەنگەکەوە، تەنانەت پێشتریش، بۆ چەندین ساڵە ئەوەی بە دۆستانی ئێرانی دەڵێین هەر هەمان شتە. مەبەستی دروستکردنی گوشار لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتانەی هێرشیان نەکردوونەتە سەر ئێران، کارێکی راست نییە. پێمان گوتن؛ ئێوە لەگەڵ ئەمریکا لە کێشەیەکی گەورەدان ، لانی کەم ببنە ئەو لایەنەی کە سەقامگیریی ناوچەکە و پەیوەندیی باش لەگەڵ دراوسێکان دەکاتە بنەما و کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر دەکات".
ئەو مووشەکەی کەوتە ناو خاکی تورکیا
لەبارەی ئەو مووشەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو گەیشتە ئاسمانی تورکیا و لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە تێکشکێندرا، هاکان فیدان گوتی:" ئەو مووشەکەی ئاراستەی ئێمە کرا، کاتێک هاتە ناو کایەی ئاسمانیی تورکیاوە پێکرا. ئێمە وڵاتێک نین بە ئاسانی بکەوینە داوی ئاژاوەگێڕی. لەگەڵ هاوڕێ ئێرانییەکانمان قسەمان کردووە؛ ئەگەر مووشەکەکە رێگەی ون کردبێت ئەوە باسێکی دیکەیە، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت ئەمە بەردەوام بێت، ئامۆژگاریی ئێمە ئەوەیە 'ئاگادار بن و با کەس لە ئێراندا دەست بۆ سەرکێشیی ئاوا نەبات'. پەیاممان گەیاندووە کە نابێت مووشەکی دیکە لە ئێرانەوە بێت. تورکیا تاوەکو ئێستا خزمەتی خۆی بۆ ئاشتی نیشان داوە."
دەنگۆی پێدانی چەک بە هێزە کوردییەکان
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها لەبارەی دەنگۆی پڕچەککردنی هێزی کوردی لە ئێران، گوتی:"ئێمە دژی هەموو ئەو سیناریۆیەکی وەهاین کە ئامانجیان هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە لە ئێران. رۆژئاوا و رۆژهەڵات لەو سیناریۆیانە ئاگادار دەکەینەوە. هیوادارین کەسایەتییە کاریگەرە کوردەکانی ناوچەکە نەکەونە هەڵەیەکی مێژووییەوە و بەرپرسیارێتیی ئاوا هەڵنەگرن. ئێران وڵاتێکی گەورەیە، هەر جۆرە قەیرانێکی ناوخۆیی تێیدا، وەک شەپۆلێک بە هەموو ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە. ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین رێگری لەوە بکەین."
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 4-3-2026 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند کە مووشەکێکی ئێرانی لە ئاسمانی پارێزگای هاتای وڵاتەکەیدا لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە تێکشکێندراوە.