پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاردانەوەی لێکەوتەوە
رووداو - هەولێر
دوای پەیامی ئۆجەلان چاوەڕوان دەکرێ ئاک پارتی هێندێک نەرمتر بێ لەگەڵ هەدەپە، عەبدوڵا ئوجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێ دوورکەونەوە لە جەمسەرگریی، بە هەسەدەشی گووت هەستیاریی تورکیا لە بەرچاو بگرن خۆتان لە فەرهەنگی پێکدادان بپارێزن.
ئەو قسانەی ئۆجەلان بە گوتەی شرۆڤەکاران بۆ ئەوەبووە دڵنیایی بداتە ئەنقەرە کە پەکەکە و ئەو حزبانەی سەر بەوانن شتێک ناکەن زیان بە حکومەتی ئاک پارتی بگەیێنێ، هاوکات بۆ ئەوەیە پرۆسەی چارەسەری دەستپێبکاتەوە.
دوای تێکچوونی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، هەروەها دوای شەڕی خەندەق لە چەند شارێکی باکووری کوردستاندا، پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان ئاکپارتی و هەدەپە پچڕا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 17-12-2018 گوتی "ئیدی چاوەڕێی پرۆسەی چارەسەری مەبن".
بەڵام دوای ئەوەی ئاکپارتی شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵی دۆڕاند، بەتایبەتی کە کورد رۆڵی یەکلاکەرەوەی لەو دوو شارەدا بینی و پشتیوانیی لە بەربژێرانی ئۆپۆزسیۆن کرد، دۆخەکە رەهەندێکی دیکەی وەرگرت و جارێکی دی سیاسەتڤان و شرۆڤەکارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن باس لە نزیکبوونەوەی ئاکپارتی و کورد دەکەن.
دوای بڕیاری دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ، سەرۆکی ئیی پارتی گوتی دەسەڵات کاری ژێربەژێر لەگەڵ ئۆجەلان و پەیەدە دەکات.
ناگەهان ئاڵچی، شرۆڤەکار و گۆشەنووسی نزیک لە ئاکپارتی لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا چەند زانیارییەکی خستووەتەڕوو کە دەیەوێ هەدەپە بە بەربژێری خۆیەوە بەشداری بکات.
دەشڵێ "یەکەم کەس من ئەوەم نووسی کە هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە، کەشوهەوایەکی وەهام لە نێو ئاکپارتیدا بینیبوو، ئەمجارەش دەڵێم؛ هەدەپە بە بەربژێری خۆیەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵدا دەکات. نازانم ئەمە تا چەند لەڕووی یاساییەوە پەسند دەبێت، بەڵام چەند زانیارییەک لە پەیامەکەی ئۆجەلان هەیە کە دەیەوێ هەدەپە بە بەربژێری خۆیەوە بەشداربێت".
عەبدوڵا ئۆجەلان ماوەی هەشت ساڵە رێگەی پێنەدراوە لەگەڵ پارێزەرانی دیدار ببەستێت، دوای 810 داواکاری لەلایەن پارێزەرانەوە رۆژی دووی ئایاری 2019 دوو لە پارێزەرانی سەردانی ئیمراڵییان کرد و رۆژی شەشی ئایار پەیامی ئۆجەلانیان بڵاوکردەوە، کە لەو رۆژەدا دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵی دا.
هاوکات بەشێک لە شرۆڤەکاران و سیاسەتڤانان پێیانوایە ئەو دوو رووداوە بە رێکەوت نین و پەیوەندیدارن.
داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی