ململانێی ئابووری و چاوەڕوانیی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا چاوەکان لەسەر دیدار و کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای تورکیا و لایەنە سیاسییەکانن بەمەبەستی تاوتوێکردنی "پرسی چارەسەر" و دانانی سنوورێک بۆ شەڕ و پێکدادانی 40 ساڵە، ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەسەر پرسی ئابووری و بەڕێوەبردنی وڵات گەرمتر دەبێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی (مەهەپە)، لە کۆشکی سەرۆکایەتی چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەوت. ئەمە یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و باخچەلی بوو دوای 117 رۆژ. نزیکەی 40 خولەک گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و بە تایبەتی "پرسی چارەسەر" کرد.
هاوپەیمانیی جمهوور (پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی و مەهەپە) جەخت لەوە دەکەنەوە کار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵە دەکەن، بەڵام لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە، بەتایبەتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، رەخنەی تووند ئاراستەی سیاسەتەکانی حکومەت دەکات و بانگەشەی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا دەکات. بەرپرسانی جەهەپە پێیانوایە لادانی ئاکپارتی لە دەسەڵات نزیک بووەتەوە.
ڤەلی ئاغبابا، پەرلەمانتاری جەهەپە، رەخنە لە دۆخی ئابووریی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: "تورکیا رێزی نەماوە. سەیرکەن هاوڕێیان لە جیهاندا دووەمین بەرزترین سوودی بانکیمان هەیە. هەروەها دووەمی جیهانین لە بەرزیی هەڵاوسان. کەسانێک لەم هەڵاوسانە قازانج دەکەن کە ئەوان گەندەڵن، بەڵام بەرهەمهێنەر لە سەرەوە هەتا خانەنشین و خاوەن کەمترین مووچە زیانیان کردووە."
سەرەڕای ئەو رەخنانە و ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەی تورکیا پێیدا تێدەپەڕێت، ئەردۆغان پێیوایە ئاک پارتی بە باشترین شێوە وڵات بەڕێوە دەبات، دەڵێت: "ئەوەی لە 40-50 رۆژی رابردوو روویداوە، نیشانی دەدات ئەگەر دەسەڵاتیان بکەوێتە دەست، چۆن فاشیزم بڵاودەکەنەوە. پەندی پێشینانە و دەڵێت 'ئەگەر ویست لەسەر کۆنە بووایە، بازاڕی کۆنە نوورانی دەبوو'. ئەگەرچی کەسانێک قبووڵی ناکەن، بەڵام لە تورکیای نوێدا ویست لەسەر کۆنە نییە."
جەهەپە بەردەوامە لە رەخنەگرتن لە سیاسەتی ئابووری و دارایی تورکیا و وەزیری خەزێنە و دارایی (محەممەد شیمشەک) تۆمەتبار دەکات بەوەی سەرەڕای بەڵێن و پلانەکانی، تائێستا گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ئابووریی وڵاتدا رووینەداوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەڵێت: "محەممەد شیمشەک، کاتێک دوو ساڵ بەر لە ئێستا هات، بۆ ئەوە هات بەخێرایی هەڵاوسان بۆ تاکخانەیی (یەک رەقەمی) داببەزێنێت. ئەو کات هەڵاوسان 38٪ بوو، ئەمڕۆش 38٪ـە. دۆخەکە بارتەقای دەنکە جۆیەک پێشنەکەوتووە."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژەڤی سەرەکیی خەڵک و بەشێک لە هێزە سیاسییەکان، پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کوردە. ئاکپارتی و مەهەپە کە پێکەوە 319 کورسییان لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان هەیە، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بەردەوامە. ئێستا چاوەکان لەسەر قۆناخی داهاتووی ئەم پرۆسەیەن و چاوەڕوان دەکرێت پێشهاتی نوێی تێدا رووبدات.