حکومەتی تورکیا لەبارەی "پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی هەسەدە" کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پلانی سەرۆکایەتیی کۆمار، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەی سبەینێ دووشەممەی ئەردۆغان و وەزیرانی حکومەتەکەی، پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی هەسەدە دەبێت.
کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە لە وەزیرەکان پێکدێت، سبەی دووشەممە 8-9-2025 بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
پرۆسەی چارەسەری مژاری سەرەکیی گفتۆگۆکە دەبێت. هەروەها بابەتەکانی فەڵەستین و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان، دوو مژاری دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن.
کارەکانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەلایەن سەرۆککۆمار و وەزیرانی ئەو وڵاتەوە هەڵدەسەنگێنرێن.
لیژنەکە ئەم هەفتەیە هەشتەم و نۆیەم کۆبوونەوەی سازدەکات.
سیاسەتی دەرەوە و پێشهاتەکانی ناوچەکەش لە کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماردا تاوتوێ دەکرێن. بەتایبەتی بابەتی دەستبەردار نەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەک، دەخرێتە بەر باس.