رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دەدات لەوەی رێگە بە "سیاسەتی تێکدەرانە" لە دژی پرۆسەی چارەسەری نادرێت و رایدەگەیێنێت، تورکیا لە گرنگترین قۆناخی پرۆسەی گواستنەوەدایە بۆ "تورکیایەکی بێ تیرۆر."
محەممەد ئوچووم، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) رایگەیاند، "نابێت هیچ کەسێک بکەوێتە ئەو وەهمەوە کە دەتوانێت بە دیموکراسی بگاتە ئەو ئامانجانەی بە تیرۆر پێینەگەیشتووە."
ئوچووم لە پەیامەکەیدا کە بە ناونیشانی "لە رێگەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا رێگە بە سیاسەتی تێکدان نادرێت" بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "لە گرنگترین قۆناخی پرۆسەی گواستنەوەداین؛ زۆر بە روونی دیارە کە ئەمجارە لە لێواری سەرکەوتنداین."
سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی سەرۆککۆماری تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە، پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکان بۆ تێکدانی پرۆسەکە لە ئەولەویەتی کارەکانیاندایە و دەڵێت، "ئاشکراکردن و پووچەڵکردنەوەی تێکدانی فیکری و کرداریی سیستماتیک و هەموو تێکدەران کە لە قۆناخی کۆتاییدا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە دەرکەوتوون، بووەتە یەکێک لە بابەتە لەپێشینەکان. پێویستە هەوڵێکی چڕ بدرێت بۆ رێگریکردن لە تێکدانەکان و لەناوبردنی بکەرانی."
بە گوتەی راوێژکارەکەی ئەردۆغان، لە رێگەی "دوورکەوتنەوە لە کارە ناتەواوەکان و هەنگاونانی دروست"، پێکەوە لە تورکیا و ناوچەکەدا سەرکەوتوو دەبن لە گواستنەوە بۆ "ژیانێکی بێ تیرۆر."
زیاتر لە ساڵێكە دەوڵەتی تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەستی بە قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کردووە. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن ئەم پرۆسەیە وەک "سیاسەتی دەوڵەت" و بە ستراتیژییەکی جیاواز لە ڕابردوو بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمان پێکهێنراوە. رۆژی 21ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنەکە بە دەنگدانی نهێنی بڕیاری دا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دورگەی ئیمراڵی بکات. جەهەپە بەشداریی دەنگدانەکەی نەکرد و نوێنەری بۆ شاندەکە دیاری نەکرد.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆبوونەوەی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" رایگەیاند، کۆمیسیۆنەکە گوێی لە 130 کەس و دامەزراوە گرتووە.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەشدا، دوای سەردانی نوێنەری سێ پارتە سیاسییەکە بۆ ئیمراڵی لە 24ـی تشرینی دووەم، قۆناخی گوێگرتنی کۆمیسیۆنەکە کۆتاییهاتووە و ئێستا دەچنە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ