وەزیری ناوخۆی تورکیا: 15 تاوانباری داواکراو لەلایەن وڵاتانی دەرەوە رادەستکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، 15 کەسی داواکراو، لە دەرەوەی وڵات دەستگیرکران و رادەستی دەسەڵاتی تورکیا کران.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی شوباتی 2026 سەبارەت بە رادەستکردن و رادەستکردنەوەی ئەو 15 کەسە بە تورکیا روونکردنەوەی دا.
یەرلیکایا لە پۆستێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە رایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و بە هاوئاهەنگی ئینتەرپۆل و یۆرۆپۆل، ئەو کەسانە رادەستکران و رادەستکرانەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، لەنێو ئەو کەسانەی رادەستکران و رادەستکرانەوە، هاووڵاتییەکی لیتوانی بە ناوی (A.K.) بوو کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینی پێشووی (I.D.)ی رووسی و کچەکەی (D.D.) لە شارۆچکەی بۆدرووم سەربە پارێزگای موغڵا و فڕێدانی تەرمەکانیان داواکراو بوو. تۆمەتبارەکە لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و هێنرایەوە تورکیا.
وەک وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، دەسەڵاتدارانی جۆرجیاش (S.G.) و (O.Y.) کە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، (D.Y.) کە بە تاوانی دزیکردن و هەڕەشەی چەکداری، (A.S.) کە بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ و دوو کەسی جیاواز بە هەمان ناوی (S.G.) کە بە تاوانی دزیکردن و ساختەکاری داواکراو بوون، رادەستی تورکیا کران.