تورکیا: تاوەکو مانگی 5ی ئەمساڵ ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون کۆتاییدێت

رووداو - هەولێر

مەولوود چاوشئوغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون تاوەکو مانگی 5ی ئەمساڵ کۆتاییدێت.

مەولوود چاوشئوغڵو راشیگەیاند، دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هاوئاهەنگی بەغدا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە لە خاکی عێراق دەستپێدەکەن. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا نەمساییەکەی، مەولوود چاوشئوغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی عەفرین گوتی "لێمدەپرسن ئایا لە مانگی مایس کۆتایی دێت؟ ئارەزووخوازین بەزووترین کات کۆتایی بێت، نەگاتە مایس و هەرچی زووە کۆتایی بێت.  قۆناخە هەستیارەکان تێپەڕکران، ناوچە شاخاوییەکان کۆنترۆڵکران، کۆنترۆڵی سنوور کرا، بەرەو ناوەندی عەفرین پێشڕەوی دەکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند "دەبێت سووریا و عێراق لە سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکان پاکبکرێنەوە، ئەگەرنا ئەو هەنگاوانەی بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی نراون یان دەنرێن شکستدێنن. بۆ پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتێک و پاراستنی سنوور و یەکپارچەیی خاکەکەی بۆ گەیشتنی بە سەقامگیری، پێویستە لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان پاکبکرێنەوە". 

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە لە عێراق، چاوشئۆغڵو گوتی "لەم دواییەدا پەکەکە لە قەندیل و ئەو ناوچە شاخاویانەوە بەرەو شارەکان هاتووەتە خوارێ، بەرەو سلێمانی و تەنانەت تا کەرکووکیش. لەلایەکی دیکەوە چوو بۆ ناوچەی شنگال. بێگومان لەکاتێکدا لەم ناوچانە رێکخراوی تیرۆریستی هەبێت، عێراق هەست بەوە ناکات کە پارێزراوبێت. هەر بۆیە پاش هەڵبژرادنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەم بوارەدا پێکەوە هەنگاو دەنێین".

سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لە رۆژی 20-1-2018ـەوە ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، بەگوتەی خۆیان ئێستا دوای 48 رۆژ لە ئۆپەراسیۆنەکە نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری عەفرین دوورن.

سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد دەڵێن، تاوەکو ئێستا پێنج شارۆچکەیان کۆنترۆڵکردووە ئەوانیش: راجۆ، بلبل، شیێ، شەرا و جندرێس. هەر بەگوتەی خۆیان لە سنووری عەفرین زیاتر لە 120 گوندیان کۆنترۆڵکردوون.

پێداچوونەوە: حەکیم داود