سەرۆکی ئیی پارتی: دەم پارتی داوای کۆبوونەوەی لێ نەکردووین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، دەم پارتی هیچ داواکارییەکی بۆ دیدار ئاراستە نەکردوون.
لە کاتێکدا دەم پارتی ئامادەکاری بۆ دووەمین گەڕی دیدار لەگەڵ پارتەکان دەکات، شەوی رابردوو موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی وەڵامی چەند پرسیارێکی سەبارەت بە ئەگەری دیداری پارتەکەیان لەگەڵ دەم پارتی دایەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە گەڕی رابردوودا شاندی دەم پارتی لەگەڵ زۆربەی پارتەکان کۆبووەوە، بەڵام هیچ دیدارێکی لەگەڵ ئیی پارتی سازنەدا.
دەرڤیشئۆغڵو، کە بەردەوام رەخنە لە دەستپێشخەری و پرۆسەکە دەگرێت، گوتی، "پرۆسەیەک دەستیپێکراوە و دەڵێن، تورکیای بێ تیرۆر. ئەوە پرۆسەیەکە لە بەهای گەلی تورک کەم دەکاتەوە."
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەم پارتی؛ سەرۆکی ئیی پارتی رەتیکردەوە هیچ دواکارییەکیان بۆ دیدار ئاراستە کرابێت، "گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئێمە وەکو ئەوەی بیری لێ دەکەنەوە، ئاسان نییە! ئێمە پارتێکین بەهای ئەو کۆمارە مەزنە نەتەوەیی، دیموکراسی و گەشەپێدەرەین کە ئەتاتورک دایمەزراندووە."
بەرنامەی دیدارەکانی دەم پارتی
شاندی دەم پارتی کە لە هاوسەرۆکانی پارتەکە و ژمارەیەک پەرلەمانتار پێکدێن، کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی 10ـی ئادار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی رەنجدەران لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و هەمان رۆژ کاژێر 13:00 سەردانی بارەگای سەرەکیی جەهەپە دەکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆدەبنەوە.
شاندی دەم پارتی کاژێر 11:00ـی رۆژی 12ـی ئادار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاری تورکیا TİP لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و دواتریش سەردان و کۆبوونەوەی دیکەشیان دەبێت.
رۆژی 4ـی مانگ، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی رایگەیاند، داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و چاوەڕێی وەڵامن.
ئیی پارتی
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2017 دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەرال ئاکشەنەر راگەیێندرا و هەر خۆشی بووە سەرۆکی پارتەکە.
ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2018دا 9.69%ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-05-2023دا 9.6%ی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی بەدەستهێنا.
کێشەی نێوخۆیی و ناکۆکی لە نێو ئیی پارتی دروستبوو و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە تەنیا 3.7%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لەکۆی 81 شارەوانیی پارێزگاکان تەنیا یەک شارەوانی بردەوە.
ئەگەرچی رۆژی 27-4-2024 لە پێنجەمین کۆنگرەی نائاساییدا دەرڤیشئۆغڵو چووە شوێنی مەرال ئاکشەنەر و بووە سەرۆکی پارتەکە، بەڵام کێشەکان بەردەوامن و پەرلەمانتارانی ئیی پارتی بەردەوامن لە دەستلەکارکێشانەوە.
ئیی پارتی لەو 43 کورسییەی هەیبوو، ئێستا 28ی ماونەتەوە.