دەم پارتی: ئامانجی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان پەلکێشکردنی کوردە بۆ نێو جەنگ

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشانە هەوڵدانە بۆ پەلکێشکردنی کورد بۆ نێو جەنگەکە.
 
گوڵستان کڵچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی سێشەممە 07-04-2026ی پەرلەمانی تورکیادا لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان قسەی کرد و ئاماژەی بەو هێرشەی هەولێر کرد کە تێیدا پێشمەرگەیەک و هاوژینەکەی شەهید بوون و گوتی: "زانیاریمان پێگەیشتووە کە لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ماڵێک. لەو هێرشەدا پێشمەرگەیەک و هاوژینەکەی شەهید بوون. پێشتریش لە هێرشی هاوشێوەدا 6 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدابوو. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیە، تەواوی هەرێمی کوردستان و گەلەکەمان دەکەم."
 
هەورەها وەبیریهێنایەوە کە هەرێمی کوردستان چەندین جار بە فەرمی رایگەیاندووە نایانەوێت ببنە بەشێک لەو شەڕە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەکرێنە ئامانج و گوتی:"سەرەڕای ئەمەش، دیسانەوە شوێنی پێشمەرگە و ناوچە مەدەنییەکان بۆردومان دەکرێن. پێشتریش هێرش کرابووە سەر ماڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەمانە هەمووی هەوڵن بۆ ئەوەی گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلکێشی نێو ئەو شەڕە بکەن و بیانکەنە بەشێک لەو ململانێیە."
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بە تووندی دژی ئەو سیاسەتانە وەستایەوە کە کوردستان وەک "بەرەی شەڕ" دەبینن و گوتی: "ئەو بیرکردنەوەیەی خاکی کوردان تەنیا وەک مەیدانی شەڕ دەبینێت، لێرەدا جارێکی دیکە سەرکۆنە و مەحکووم دەکەین. دەبێ ئیدی کۆتایی بەو هێرشانە بهێندرێت، بۆ ئەوەی ئارامیی ناوچەکە تێکنەچێت."