تورکیا: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن و دەیانەوێت ئاگربەستە کاتییەکە لە ناوچەکەدا بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، لەبارەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەستی کاتیی راگەیێندراو لە شەڕی ناوچەکە دەکەین. جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ئاگربەستە کاتییەکە لە مەیداندا بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و هیوادارین هەموو لایەنەکان پابەندی ئەو رێککەوتنە بن. رێگەی ئاشتیی هەمیشەیی تەنیا بە دیالۆگ و دیپلۆماسی و متمانەی دوولایەنە دەبێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێ، "بۆ سەرکەوتنی ئەو دانوستاندنانەی کە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەدەچن، بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانییەک. پیرۆزبایی لە پاکستانی برامان دەکەین بۆ ئەو رۆڵەی لەم پرۆسەیەدا گێڕاویەتی و هیوای بەردەوامیی هەموو ئەو هەوڵانە دەخوازین کە بەشداری لە ئاشتیدا دەکەن."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هەشتی نیسانی 2026 ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیێندرا.