لە ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت؛ کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای ئیزمیر ـی تورکیا، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت. لە ئەنجامدا کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و 43 کۆچبەریش رزگار کران.
 
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، شەوی پێنجشەممە حەوتی ئایاری 2026، لە سنووری شارۆچکەی فۆچا لە دەریای ئیجەدا بەلەمێکی پلاستیکی کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابوو، ژێرئاو کەوتووە.
 
کەشتییەکی ئاسایشی کەناراوەکان و چوار بەلەمی ئاسایشی کەناراوەکان و هێلیکۆپتەرێک رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
بەگوێرەی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، تیمەکانی فریاگوزاری 39 کۆچبەریان لەنێو ئەو بەلەمەی خەریک بوو نقووم دەبوو و چوار کۆچبەری دیکەشیان لەنێو ئاوەکەدا رزگار کردووە. کۆچبەرێکیش کە خنکابوو، تەرمەکەی لە ئاودا دەرهێنراوە.
 
پەیوەست بە رووداوەکە قاچاخچییەکی کۆچبەران دەستبەسەر کرا و رەوانەی فەرماندەیی جەندرمە کرا.
 
کۆچبەرە رزگاربووەکان دوای رێکارە فەرمییەکان، رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی ئیزمیر کران.
 
ماوەیەکە حکومەتی تورکیا رێکارەکانی دژی کۆچبەرانی نایاسایی تووندتر کردووە، بەتایبەتی لە شارە سنوورییەکان و پارێزگاکانی سەر بە دەریای ئیجە، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ ئەورووپا.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستبەسەر کراون، لە ساڵی 2021ـدا 162 هەزار و 996 کۆچبەر، لە 2022ـدا 285 هەزار و 27 کۆچبەر، لە 2023ـدا 254 هەزار و 8 کۆچبەر، لە 2024ـدا 225 هەزار و 831 کۆچبەر و لە 2025ـدا 160 هەزار و 253 کۆچبەر بووە. 
 
لە پێنج ساڵی رابردوودا، زۆرترین ئەو کۆچبەرانەی دەستبەسەر کراون، هاووڵاتییانی ئەفغانستان بوون و سوورییەکانیش لە پلەی دووەمدا هاتوون.
 
تاوەکو پێنجی ئاداری ئەمساڵ، کۆی گشتی 22 هەزار و 876 کۆچبەری نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراون.
 
ئەمساڵ زۆرترین ئەو کۆچبەرانەی دەستبەسەر کراون، هاووڵاتییانی ئەفغانستان، سووریا، ئۆزبەکستان، تورکمانستان و ئێران بوون.
 
ژمارەی ئەو قاچاخچییانەی لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەراندا دەستگیر کراون، بەپێی ساڵەکان بەم شێوەیە بووە: "لە ساڵی 2021ـدا 7 هەزار و 942، لە 2022ـدا 9 هەزار و 149، لە 2023ـدا 10 هەزار و 482، لە 2024ـدا 13 هەزار و 61، لە 2025ـدا 11 هەزار و 363 و ئەمساڵیش 2 هەزار و 51 قاچاخچی."