وەزیری دادی تورکیا دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە پرۆسەی چارەسەری ببێتە یاسا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی تەکنیکی بە پەرلەمان بە مەبەستی یاساییکردنی "پرۆسەی چارەسەری" و دەشڵێت، وڵاتەکەی پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە کە لەگەڵ ئەم قۆناخەدا بگونجێت.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، شەوی پێنجشەممە (07-05-2026) لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، تیشکی خستە سەر پرسی چارەسەری، کوشتنە بکەر نادیارەکان و پرۆژەی دەستووری نوێی تورکیا.
"ئامادەین هاوکاریی پەرلەمان بکەین"
لەبارەی هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی چارەسەری، وەزیری دادی تورکیا گوتی: "دیاریکردنی سنوورەکان و ئامادەکردنی دەقی یاساکە ئەرکی پەرلەمانە، بەڵام ئێمە لە ڕووی تەکنیکییەوە هەمیشە ئامادەین یارمەتیی پەرلەمان بدەین. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی یاساکان لای ئێمەیە و هاوڕێکانمان بەردەوام کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن."
گورلەک ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک پەرلەمان بابەتەکە بخاتە بەرنامەی کارەوە، ئەوان وەک وەزارەتی داد بەشداریی کارا دەکەن و گوتیشی: "بۆچوونی کەسی من ئەوەیە، پێویستە ئیدی ئەم پرۆسەیە هەرچی زووە بکرێتە یاسا."
دەستوورێکی نوێ بۆ قۆناخێکی نوێ
وەزیری دادی تورکیا رەخنەی لە دەستووری ئێستای وڵاتەکەی گرت و بە "بەرهەمی کودەتا" ناوی برد و گوتی: "دەستووری ئێستامان لە ساڵی 1982 و لە ژێر سایەی دامەزراوەکانی سەردەمی کودەتادا داڕێژراوە. گۆڕانکاری تێدا کراوە، بەڵام بەپێی هەلومەرجی ئەمڕۆ، چیدی لەگەڵ بارودۆخی نوێ ناگونجێت."
گورلەک جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە کە لەگەڵ رۆحی پرۆسەکە و داواکارییەکانی سەردەم یەکبگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاکن گورلەک ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دادپەروەری، ئێستا لێکۆڵینەوە لە 638 دۆسیەی کوشتنی بکەر نادیار دەکرێت.