وەزارەتی تەندروستیی تورکیا: هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی هانتا تۆمار نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەک بە ڤایرۆسی هانتا لە وڵاتەکەدا تۆمارنەکراوە؛ هاوکات هۆشداریشی دایە هاووڵاتییان لەوەی بڕوا بەو زانیارییە ناڕاستانە نەکەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە.
 
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 20026، وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکی نووسراودا، کە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لەنێو خەڵک و سۆشیاڵ میدیادا بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە بە وردی و بەپێی رێکارە زانستییەکان و پرۆتۆکۆڵە تەندروستییە گشتییەکان، چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە وردی و لەسەر بنەمای پرەنسیپە زانستییەکان بەدواداچوون بۆ ئەو بانگەشانە دەکەین کە باس لە ڤایرۆسی هانتا دەکەن. تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەک وڵاتەکەماندا دەستنیشان نەکراوە."
 
وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان کرد تەنیا پشت بە لێدوانە فەرمییەکان ببەستن و وریای ئەو هەواڵە پشتڕاستنەکراوانە بن کە لە ناوەندە گشتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە؛ هەروەها گوتی: "گرنگە هاووڵاتییانمان تەنیا ئەو لێدوانانە بە هەند وەربگرن کە لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە دەردەچن."
 
وەزارەتەکە راشیگەیاند، لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو بەشە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە چالاکییەکانی پشکنین، خۆپارێزی، چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
 
ڤایرۆسی هانتا بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی بەریەککەوتن لەگەڵ قرتێنەرە تووشبووەکان (وەک جرج و مشک) یان میز، پاشماوە و لیکیانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. نیشانەکانیشی لەنێوان تا، ماندوێتی و لە هەندێک دۆخیشدا گرفتی تووندی کۆئەندامی هەناسەدان دەبێت.