راپرسییەک: 46٪ـی دانیشتووانی تورکیا لەگەڵ پێدانی مافە کولتوورییەکانی کوردن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسیی کۆمپانیای کۆندا بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری، لە تورکیا و باکووری کوردستان 46٪ـی خەڵک خوازیارن "مافە کولتوورییەکانی کورد" بدرێن و 36٪ـیش دژی پێدانی ئەو مافانەن.
کۆمپانیاکە رۆژی دووشەممە 7 تەمموزی 2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە ناوەندی گشتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئەنقەرە کرا، ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەی بڵاوکردەوە کە بەناونیشانی "روانگەی چارەسەری لە پرسی کورددا" کردبووی.
کۆمپانیای کۆندا لە لێکۆڵینەوەکەیدا کە لە نێوان 24-27ـی نیسانی 2025 لە 77 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کردوویەتی، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بۆچوونی دوو هەزار و 620 کەسی وەرگرتووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە لە هەر 10 کەس 8 کەسیان گوتوویانە، "دەبێت لە تورکیا هەموو کەس خاوەنی مافی یەکسان بێت"، بەڵام کاتێک بابەت دەبێتە "مافە کولتوورییەکانی کورد" رێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە 46٪ـی خەڵک خوازیارن "مافە کولتوورییەکانی کورد" بدرێن و 36٪ـیش دژیی پێدانی ئەو مافانەن. 18٪ـیش رای خۆیان لەسەر ئەو بابەتە ئاشکرا نەکردووە و بێ وەڵام ماونەتەوە.
زیندانییانی نەخۆش
34٪ ـی بەشداربووان بە ئەرێنی دەڕواننە چارەسەرکردنی زیندانییانی نەخۆش لە دەرەوەی زیندان و 42٪ـیش بە نەرێنی دەڕوانن. 24٪ ـی بەشداربووان وەڵامی ئەم پرسیارەیان نەداوەتەوە. لە بابەتی چارەسەرکردنی زیندانییانی نەخۆشدا زۆرتر لە نیوەی دەنگدەرانی دەم پارتی و جەهەپە بە بەڵێ و نیوەی دەنگدەرانی ئاکپارتی و مەهەپە بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.
چۆن قەناعەت بە کۆمەڵگا بهێندرێت؟
کۆمپانیای کۆندا پرسیویەتی: "بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد چۆن قەناعەت بە کۆمەڵگا بهێندرێت؟" 21٪ـی بەشداربووان پێیانوایە بە "دابینکردنی ئازادیی دەربڕین و بیروڕا"، 10٪ـیان دەڵێن بە "رووبەڕووبوونەوەی رابردوو"، 7٪ـیان پێیانوایە بە "بەشداریی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەکەدا"، 4٪ ـیشیان بە "ئازادیی میدیا" وەڵامی پرسیارەکەیان داوەتەوە.
هەنگاوەکانی دەوڵەت
بۆ پرسیاری "بۆ پێشخستنی پرۆسەکە پێویستە دەوڵەت چ هەنگاوێک بنێت؟" ئەنجامەکان بەم جۆرە بوون: چەکدانانی پەکەکە: 28٪، گۆڕینی دەستوور: 23٪، بەشداریکردن لە پەرلەمان: 20٪، مافی هیوا بۆ ئۆجەلان: 12٪، لێبووردنی گشتیی سیاسی: 7٪.
بۆ پرسیاری "بۆ دەستبەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی پێویستە چی بکرێت؟" ئەنجامەکان بەم جۆرە بوون: کۆتاییهاتن بە تووندوتیژی و شەڕ: 59٪، ئازادیی رادەربڕین و میدیا و ئەکادیمی: 49٪، گەرەنتی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەری: 33٪، ناسینی مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی هەموو کۆمەڵگە: 31٪، گۆڕینی پێناسەی هاووڵاتیبوون: 25٪، زیادکردنی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی: 19٪ و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی: 17٪.
پرسی کورد چارەسەر بکرێت چی روودەدات؟
لە توێژینەوەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە "پرسی کورد چارەسەر بکرێت چی روودەدات؟" زیاتر لە نیوەی بەشداربووان دەڵێن، "ئازادی رادەربڕین، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی پەرەدەسێنن". زیاتر لە نیوەی بەشداربووان دەڵێن، "هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستمی دادوەری و ئابووریدا روونادات".