ئەردۆغان: نەمانهێشت خوێنی عوسمان کۆسە بەفیڕۆ بڕوات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا باسی کوژرانی عوسمان کۆسە، ئەو دیپلۆماتەی لە هەولێر کوژرا، دەکات و دەڵێت، "نەمانهێشت خوێنی بەفیڕۆ بچێت."
 
لە کۆنفرانسی دیداری باڵیۆزانی وڵاتان لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تۆڵەی دیپلۆماتی تورکیا عوسمان کۆسەیان کردووەتەوە کە ساڵی 2019 لە شاری هەولێر کوژرا. 
 
ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا جەختی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان کردەوە و رایگەیاند،  هاوتەریب لەگەڵ عێراق ئەو کارە دەکەن تاوەکو ئەوکاتەی کۆتایی بەو هێزانە دەهێنن کە ئەو بە "جوداخواز و تیرۆریست" ناوی بردن. هەروەها باسی لە کوژرانی عوسمان کۆسە کرد و گوتی، "خوێنی بەفیڕۆ نەچووە."
 
رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا -میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کەسێكی بە ناوی جەلال کایا کردووەتە ئامانج کە بەرپرسی هەواڵگریی پەکەکە بووە لە عێراق و پلانداڕێژەری ئەو هێرشە بووە کە عوسمان کۆسە، دیپلۆماتی تورکیای تێدا کوژرا.
 
عوسمان کۆسە، کارمەندی کۆنسوڵخانەی تورکیا بوو و رۆژی 17ـی تەممووزی 2019، لە رووداوێکی تەقەکردن لە رێستۆرانتی هوقەباز لە شاری هەولێر لەگەڵ دوو هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی نەریمان (عوسمان محەممەد عەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) کوژران.