کۆمەڵێک هونەرمەندی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی مادەی هۆشبەردا گیران
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایش و جەندرمەی ئیستەنبووڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەردا ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتییان دەستگیرکرد کە هادیسە و ئیرەم دەریجی دوو لەو کەسانەن.
ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بە بڕیاری داواکاریی گشتیی ئیستەنبووڵ بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-10-2025 بەڕێوەچوو.
هێزەکانی ئاسایش و جەندرمە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند، بازرگان و کەسایەتیی ناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
هەریەک لە هونەرمەندان ئیرەم دەریجی، هادیسە، سیمگە و کوبیلای ئاک کە هەواداری زۆریان هەیە، لە دەستگیرکراوانن.
هەروەها دیلان پۆڵات و ئەنگین پۆڵات کە هاوژینن و پێشتر لەسەر تۆمەتی جۆراوجۆر زیندانی کرابوون، ئەمجارە بە گومانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکران.
ئایشەگوڵ مەرمەر، پارێزەری هونەرمەند ئیرەم دەریجی رایگەیاند، دەچێتە بارەگای جەندرمە و وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییەکان بە رای گشتی دەگەیێنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 20 هونەرمەند و کەسایەتی دەستگیرکراون.