کورتوڵموش: تورکیای بێ تیرۆر پڕۆژەی دەوڵەتە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "تورکیای بێ تیرۆر" تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکی ئەو کۆمیسیۆنەدا نییە کە لە پەرلەمان پێکهێنراوە، بەڵکو "پڕۆژەیەکی دەوڵەتە". دەشڵێت، داڕشتنی دەستوورێکی نوێ یەکێکە لە ئەرکەکانی ئەم خولەی پەرلەمان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دەستپێکی دانیشتنەکانی گفتوگۆی بودجەی 2026 لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا گوتارێکی پێشکێش کرد.
کورتوڵموش لە گوتارەکەیدا تیشکی خستەسەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی نییە، كە لە پەرلەمان پێكمانهێناوە، بەڵكو ئەمە پڕۆژەیەكی دەوڵەتە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت و کۆتایی پێبێت، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت لە کارەکانیان بەردەوامن.
سەبارەت بە نووسینەوەی دەستوور، کورتوڵموش رایگەیاند: "داڕشتنی دەستوورێکی مەدەنیی گشتگیر، دیموکرات و بە بەشداریی هەمووان کە شایستەی سەدەی دووەمی تورکیا بێت، یەکێکە لە بەرپرسیارێتییەکانی خولی 28ـەمینی پەرلەمان." ئاماژەی بەوەشکرد، هەموارکردنەوە پێویستەکان بە هاوئاهەنگیی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان بەڕێوەدەبرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کرد و گوتی، هەفتەی رابردوو کاری گوێگرتنیان تەواو کردووە و لەمەودوا کۆمیسیۆنەکە راپۆرتی خۆی دەنووسێتەوە و پێشکێشی پەرلەمانی دەکات.
زیاتر لە ساڵێکە دەوڵەتی تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەستی بە قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کردووە. بەرپرسانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم پرۆسەیە وەکو "سیاسەتی دەوڵەت" و بە ستراتیژییەکی جیاواز لە رابردوو بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکهێنراوە کە گوێی لە 130 کەس و دامەزراوە گرتووە. رۆژی 21ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنەکە بە دەنگدانی نهێنی بڕیاری دا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دورگەی ئیمراڵی بکات، جەهەپە بەشداریی دەنگدانەکەی نەکرد و نوێنەری بۆ شاندەکە دیاری نەکرد.
سەردانی نوێنەری سێ پارتە سیاسییەکە بۆ ئیمراڵی لە 24ـی تشرینی دووەم کرا، دوای ئەو سەردانەش قۆناخی گوێگرتنی کۆمیسیۆنەکە کۆتاییهاتووە و ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتاییدان.