فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ: هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی بۆ تاران هەڵوەشاندەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵی بۆ تاران هەڵوەشاندەوە.
 
بەپێی ئەپلیکەیشنی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، هێڵی ئاسمانیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، پێنج گەشتی بۆ تارانی پایتەختی ئێران هەڵوەشاندەوە.
 
بەپێی هەمان ئەپلیکەیشنی فڕۆکەخانەکە، هەر ئەمڕۆ پێنج گەشتی دیکە کە لەلایەن هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە ئەنجام دەدران، هەڵوەشاونەتەوە، لە کاتێکدا حەوت گەشتی دیکە هێشتا بەپێی خشتەی کاتیی خۆیان ماونەتەوە.
 
بەپێی ماڵپەڕی تایبەتمەندی فڵایت رادار، شەوی پێنجشەممە هەشتی کانوونی دووەمی 2026، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی تورکیا کە بەرەو شیراز دەفڕی و فڕۆکەیەکی هێڵی پێگاسۆس کە بەرەو مەشهەد دەچوو، لە ئاسمانی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە.
 
تورکیا، نزیکەی 500 کیلۆمەتر (300 میل) سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە و سێ دەروازەی وشکانیی چالاک لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن.
 
هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەشتانە لەکاتێکدان، کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە تاران و نزیکەی 26 پارێزگای دیکە دەستیپێکردووە و خۆپیشاندەران داوای باشترکردنی بژێوی دەکەن و دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن درووشم دەڵێنەوە.