چیرۆکی رزگارکردنی خێزانێکی سێ کەسی لە مەرەشی باکووری کوردستان: کەس لە خوا بێ هیوا نابێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیەدا کاتی رزگارکردنی میر-بارزانی تەمەن 5 ساڵان دەبینن کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 9-2-2023، لە باڵەخانەیەکی شاری مەرەشی باکووری کوردستان رزگارکرا، دوای ئەوە کارمەندانی تیمی فریاگوزاری هاوشێوەی کەسوکارەکەی دڵخۆشییان دەربڕی.
دواتر زەلال باغش کە دایکی میر بارزانە و تەمەنی 40 ساڵە، رزگارکرا. زەلال گواسترایەوە بۆ نێو ئەمبوڵانس و لێیان پرسی پێشبینیت دەکرد رزگارت بێت؟ زەلال باغش لە وەڵامدا گوتی، "سوپاسی یەک بە یەکتان دەکەم. خوا بتانهێڵێت، خوا لێتان رازی بێت. هەستێکی جیاوازە. بیرمان لە رزگاربوون دەکردەوە. کەس لە خوا بێ هیوا نابێت".
دوای هەوڵێکی زۆر و کاری بەردەوامی تیمەکان، سێیەم کەسی خێزانەکە بە سەلامەتی رزگارکرا، عەلی باغشی باوکی میر بارزان، تەمەنی 55 ساڵە و دوای رزگارکردنی گوتی، "ئەمانە ژیانی مرۆڤەکان رزگار دەکەن. کەس ناتوانێت قەرزی ئەمانە بداتەوە".
ئەو خێزانە سێ کەسییە دوای 73 کاژێر لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی 12 نهۆمیدا رزگارکران، ئەو باڵەخانەیەی کە لەگەڵ یەکەمین بوومەلەرزەی مەرەش لەگەڵ زەوی یەکسان بوو.
رۆژی دووشەممە، 06-02-2023، دوو بوومەلەرزە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند. سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 16 هەزار و 546 کەس گیانیان لەدەستداوە و 66 هەزار و 132 کەسیش بریندار بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی، بەردەوام هاوکارییان پێدەگات و دەشڵێت، "هەموو توانایەکمان خستووەتەگەڕ بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییان." گوتیشی، "هیچ هاووڵاتییەک بە تەنیا جێناهێڵین و هەمووان دەبنە خاوەن ماڵی نوێ."