تیمی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە شەشەمین کۆبوونەوەی تیمی ئامادەکردنی راپۆرتی ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد پێکهێندراوە، دەکرێت.
گوڵستان کلچ کۆچیغیت، ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، رۆژی دووشەممە، 09-02-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە، 11ی شوبات دەکرێت.
هاوئاهەنگیکارانی پارتە سیاسییەکانی ئاکپارتی، مەهەپە، دەم پارتی و جەهەپە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، تاوەکو ئێستا پێنج جار کۆبوونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێ شەشەمین کۆبوونەوە، دوایین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بێت و شێوەی کۆتایی بە راپۆرتەکە بدرێ کە نەخشەڕێگەی پرۆسەکە لەخۆدەگرێ.
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکایەتیی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات و لە پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.
ئەو راپۆرتەی تیمی نووسینەوە ئامادەی دەکات، سەرەتا پێشکێشی ئەندامانی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی و دواتر پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، رۆژی یەکشەممە، 8ی شوباتی 2026، پرۆسەکەی بە "پرسێکی دەوڵەت" ناوبرد و رایگەیاند "دوا ناخرێ و پاشگەزبوونەوەی نییە".
پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کە زیاتر لە ساڵێكە دەستیپێکردووە، لە تشرینی یەکەمی 2024ـدا بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکردبوو.