هاکان فیدان: دەمانەوێت هەسەدە ببێتە پێکهاتەیەکی واقیعی و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نوێترین هەڵوێستیدا دەڵێت، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خۆیان لە "ئامانجە کۆنەکانی پەکەکە" داببڕن و نەبنە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ؛ راشیدەگەیێنێت کە تورکیا هەمیشە پشتیوانی لە مافەکانی کورد کردووە.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتیی کەناڵێکی تەلەفیزۆنیدا کە شەوی دووشەممە 9-2-2026 پەخشکرا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی رۆژەڤی وڵاتەکە و ناوچەکەی کرد.
لەبارەی دۆخی سووریا، هاکان فیدان جەختیکردەوە کە هەنگاوی زۆر نراوە و گوتی: "یەکپارچەیی، سەقامگیری و یەکێتیی سووریا، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام هێشتا رێگەیەکی زۆرمان لەپێشە. من کشانەوەی یەپەگە لەو ناوچانەی داگیری کردوون و گەڕانەوەیان بۆ ئەو ناوچانەی کە کوردی تێدا دەژی، وەک دۆخێکی تەندروستتر دەبینم بەراورد بە نەخشەی پێشوو. بەراورد بە پێشتر دۆخەکە باشترە، بەڵام دەکرێت لەمەش باشتر بێت."
هاکان فیدان هەروەها بە پێویستی زانی، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ببنە پێکهاتەیەکی واقیعیتری سووریا و گوتی: "بەجۆرێک هەڕەشە نەبێت بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و عێراق، هەروەها نەبنە بەشێک لە ئامانجە کۆنەکانی پەکەکە بۆ بوونی کورد لە چوار وڵاتدا. ئەگەر بەو شێوەیە بێت، بەبێ ئەوەی هەڕەشە بۆ کەس دروست بکەن، زەمینەیەکی رەوا بۆ خەبات سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لە وڵاتەکەی خۆیاندا دروست دەبێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها جەختی کردەوە، کە ئەوان لە سەرەتاوە پشتگیری لە مافەکانی کورد دەکەن و گوتی :هەمیشە ئەم ئامۆژگارییەمان بۆ ئەحمەد شەرع هەبووە. هەندێک رێککاری نوێ و مەرسوومی سەرۆکایەتی دەرکردووە، بەڵام وەک گوتم، بە وردی چاودێری ئەم پڕۆسەیە دەکەین."
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەستیارییەکی زۆری بەرامبەر کوردی سووریا هەیە و گوتی: "ساڵی 2010 کاتێک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بووم، هەروەها ساڵی 2011 پێش ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا دەست پێبکات، وەک نوێنەری تایبەت چەندین جار چوومە لای بەشار ئەسەد. ئێمە بۆ رێگریکردن لە شەڕی ناوخۆ و بۆ باسکردنی پێشنیازەکانمان چووین. لەوێ بە تایبەتی جەختمان لە دۆخی کورد کردەوە و گوتمان، بەشێکی زۆری ئەمانە وڵاتینامەیان نییە و هەست بە وابەستەیی ناکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی جددی و ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە".
فیدان لەبارەی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ناوچەکە بەرگەی شەڕێکی نوێی نییە. دەمانەوێت هەموو دەرفەتەکان بۆ رێگریکردن لە شەڕێکی چاوەڕوانکراو بەکاربهێنین.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هەردوولا کۆبوونەتەوە و گوتی: "خاڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە لایەنەکان ئیرادەیەکی هاوبەشیان بۆ دانوستاندن نیشان داوە. دوای ماوەیەکی زۆر، دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی لە یەکەم پەیوەندیدا بۆ ئێمە گرنگە. پێویستە چارەسەرێکی داهێنەرانە بدۆزینەوە. ئێستا وەک ئەوە دەردەکەوێت کە لانیکەم هەڕەشەی شەڕێکی لەناکاو نییە."
فیدان گوتیشی: "دوای ئەوەی لە پرسی بەرنامەی ئەتۆم ئیرادەی ئێرانییەکانمان بینی، بە لایەنی ئەمریکیمان گوت کە باشترە لەم خاڵەوە دەست پێبکرێت. پرسی ئەتۆمی گرنگترین پرسە."
راشیگەیاند ئەگەر لە دانوستانەکاندا چارەسەرێکی ئەتۆمی بێتە ئاراوە، کێشەکانی دیکە ئاسانتر چارەسەر دەبن و گوتی: "ئەمریکا شێوازێکی دیاریکراو بۆ گوشار دروستکردن پەیڕەو دەکات.
"هێرشکردن دەبێتە کارەسات"
هاکان فیدان ئەگەری هێرشێکی بۆ سەر ئێران بە 'کارەسات' ناوبرد و گوتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رێگریکردن لەم کارەساتە. ئێران رایگەیاندووە ئەگەر رووبەڕووی هێرشێکی گەورە ببێتەوە بەرپەرچ دەداتەوە کە ئەمە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە وڵاتانی ناوچەکەش دەگرێتەوە. لێدانی ژێرخانی وزە لەژێر ناوی هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا".
هاکان فیدان زیاتر لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران گوتی:"ئێران ئەزموونێکی لەو شێوەیەی هەیە؛ پێشتر لە کاتی گفتوگۆدا، هێرشی کراوەتە سەر. پەیوەندیی تەلەفۆنیم لە لایەن رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێگەیشت. گوتی بە ئێرانییەکان بڵێ؛ لە چەند کاژێری داهاتوودا هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە. ئەو خاڵەی ئێمە بە باشی دەبینین، نیشاندانی ویستی لایەنەکانە بۆ بەردەوامبوون لە دانوستاندن".
فیدان باسی لەوەش کرد کە پێیوانییە بە هێرشی ئاسمانی رژێمی ئێران بگۆڕدرێت و گوتی:"پێم وانییە شتێکی وەها رووبدات، ئەمە خەیاڵێکی پووچە. رەنگە حکومەت و سیستم لاواز ببن و نەتوانن خزمەتگوزاری بگەیێننە خەڵک، بەڵام پێم وانییە گۆڕینی رژێم لە کرداردا رووبدات."