راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێ، بەهۆی مەترسییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز)، ئانادۆڵو جێت، پێگاسووس و SunExpress کە دامەزراوەی هاوبەشی هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز) و کۆمپانیای فڕۆکەوانی لوفتانزای ئەڵمانییە، بۆ وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن تاوەکو کۆتایی رۆژی 13ـی ئادار هەڵوەشێندرانەوە.
 
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس، لەبارەی دوایین دۆخی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ وڵاتانی ناوچەکە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگیراون، زانیاریی بڵاوکردەوە.
 
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو گوتی، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی وڵاتان دەکەن و گوتی، ئێستا لە ئێران، ئیسرائیل، عێراق، قەتەر، بەحرێن، کوێت و سووریا (جگە لە حەلەب) بڕیاری داخستنی ئاسمان بەردەوامە.
 
ئۆراڵئۆغڵو باسی لەوەش کرد، لە عومان، ئوردن و سعودیە گەشتی ئاسمانیی مەدەنی بەشێوەیەکی سنووردار بەردەوامە و لە ئیماراتیش بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و سنووردار گەشتە ئاسمانییەکان دەکرێن.
 
ئۆراڵئۆغڵو رایگەیاند: "لەبەر پێشهاتەکان، کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیمان بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە گەشتەکانیان بۆ هەندێک شوێنی ناوچەکە تاوەکو کۆتایی رۆژی نۆی ئادار راگرتبوو، بەڵام لەسەر بنچینەی هەڵسەنگاندنەکان و بەهۆی ئەو مەترسییانەی هێشتا بەردەوامن، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز)، ئانادۆڵو جێت، پێگاسووس و SunExpress بۆ عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن تاوەکو کۆتایی رۆژی 13ـی ئادار هەڵوەشێندرانەوە". 
 
بە گوتەی ئۆراڵئۆغڵو، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی پێگاسووس تاوەکو 12ـی ئادار و ھێڵی ئاسمانیی ئانادۆڵو جێت تاوەکو 20ـی ئاداریش گەشتەکانی ئێرانیان لە پلانی خۆیاندا دەرکردووە. 
 
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد: "دوو فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تورکی (تورکیش ئێیەرلاینز) و کۆمپانیای فڕۆکەوانیی پێگاسووس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی لە تاران چاوەڕێن. فڕۆکەیەکی کۆمپانیای Tailwind Airlinesـیش کە بە کرێ درابووە کۆمپانیایەکی عێراقی، لە عێراقە. بەشە پەیوەندیدارەکانمان بەپێی پێشهاتەکانی ئاسمانی و فڕۆکەخانەکان، بەردەوامن لە کارەکانیان."