دەمیرتاش: لە هەنگاریا هەدەپە نییە بۆیە دەسەڵات دووبارە سەرکەوتەوە


رووداو-هەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی سەرکەوتنی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکەی هەنگاریا رایگەیاند؛ "لە هەنگاریا هەدەپە نییە، بۆیە دەسەڵات سەرکەوتەوە".
 
دەمیرتاش کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە گرتووخانەدایە، تویتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەنگاریا بڵاوکردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە لە هەنگاریاش هاوشێوەی تورکیا شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا و رکابەریی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیان کرد. رۆژی 3-4-2022 هەڵبژاردن لەو وڵاتە بەڕێوەچوو و لە ئەنجامدا شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن شکستیان بەرامبەر ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا هێنا. 
 
بەهۆی ئەوەی لە تورکیاش بە هەمان شێوە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن؛ جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکرات، پارتی ئایندە و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن هاوپەیمانییەکیان پێکهێناوە بۆ دژایەتیکردنی ئاکپارتی و بەدەستهێنانی دەسەڵات، هەڵبژاردنی هەنگاریا و ئەنجامەکەی بوونەتە رۆژەڤی ئەو وڵاتە. 
 
دەمیرتاش لەبارەی بەراوردکردنی نێوان هەنگاریا و تورکیا ئێوارەی شەممە 9-4-2022 تویتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "زۆر کەس شرۆڤەی هەڵبژاردنەکانی هەنگاریای کرد، هەموویان بە کەموکوڕییەوە شرۆڤەیان کرد. ئەوەی هەموویان نەیانبینیوە یانیش نەیانویستووە بیبینن ئەوەیە کە لە هەنگاریا هەدەپە نییە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەدەپە بەشێک نییە لەو هاوپەیمانییەی ئەو شەش پارتە پێکیانهێناوە. هەدەپە باس لە هاوپەیمانیی سێیەم دەکات و وەکو یەکلاییکەرەوەی هەڵبژاردن سەیر دەکرێت.
 
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا کە 24ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، هەدەپە 11.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و وەکو سێیەمین گەورەفراکسیۆنی تورکیا لەدوای ئاکپارتی و جەهەپە بە فراکسیۆنێکی67 کورسییەوە چووە نێو پەرلەمان.