ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا: رێگە نادەین پرۆسەی چارەسەری تێکبدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دەڵێ، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەری لەسەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست بکەن و تێکی بدەن.
رۆژی چوارشەممە هەشتی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی سێ کاژێر بەردەوام بوو، راگەیێندراوێکی هەشت خاڵی بڵاوکرایەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، "تێکۆشان دژی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە، فەتۆ و داعش لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە سووربوونەوە بەردەوام دەبێت".
ئەنجوومەنەکە، لە باسی پرۆسەی چارەسەریدا رایگەیاند: "رێگە نادەین شەڕ، پێکدادان و هاندانەکانی دەوروبەرمان ئەم پرۆسەیە تێکبدەن. ئامانجمان ئەوەیە تیرۆر بە تەواوی لە رۆژەڤی گەلەکەمان دەربکەین و جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە."
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لەبارەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، پێشوازی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە دەکەن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان دروستکردووە، هەروەها پێشوازی لە ئاگربەست دەکەن و رایگەیاند: "بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان و ئاسایشی سنوورەکانمان، هەموو رێکارێکی پێویست بە وردی گیراوەتەبەر و بەردەوام دەبن."
لە کۆبوونەوەکەدا کاریگەریی شەڕی هەرێمی لەسەر عێراق هەڵسەنگێندرا و جەخت لەسەر پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق کرایەوە. لەبارەی سووریاوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دەڵێ: "تورکیا پشتگیری لە هەر پرۆسەیەک دەکات کە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا بپارێزێت. ئێمە پشتگیریی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەسەر بنەمای 'یەک دەوڵەت و یەک سوپا' پێکبێت بۆ ئەوەی ئاشتی بگەڕێتەوە وڵات."
ئەنجوومەنەکە، "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و قودس"ی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەم کردەوانە زیان بە چارەسەریی دوو دەوڵەتی دەگەیێنن. هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان بە "کارەساتێکی مرۆیی" پێناسە کران و پشتگیریی تورکیا بۆ سەروەریی لوبنان دووپاتکرایەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا داوای لە لایەنەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناش کرد، بە ژیرانە بجووڵێنەوە بۆ ئەوەی شەڕەکە نەپەڕێتەوە دەریای رەش و ئاسایشی وزە نەکەوێتە مەترسییەوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا رایگەیاند، "تورکیا وەک دوورگەیەکی ئارامی، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەسەر هەوڵەکانی بۆ ئاشتیی جیهانی بەردەوام دەبێت."