وەزیری وزەی تورکیا: سوودانی پێیگوتین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت پێویستمان بە کاتە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ماوەی 25 مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا راگیراوە، لەو بارەیەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیان کردووە، ئەویش پێی راگەیاندوون، پێویستیان بە کاتە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا شەوی پێنجشەممە هەشتی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: "عێراق سرووشتیترین هاوبەشی ئێمەیە، دەتوانین لە هەموو بوارێکدا کاری لەگەڵدا بکەین، یەکێک لە بوارە گرنگەکان وزەیە. یەکێکیان نەوتە."
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا قەبارەی بازرگانیان لەگەڵ عێراق گەیشتووەتە 23 بۆ 24 ملیار دۆلار. دەشڵێت: "ئێمە رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراق بەرهەم دەهێنین."
ئاڵپئارسڵان بایراکتار لە ئاستی کارکردنیان لە عێراق رازی نییە و دەڵێت: "دەمانەوێت لە عێراق چالاکتر بین بە تایبەتی لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتدا. هەمان بارودۆخ بۆ گازی سرووشتیش دەگونجێت. هەروەها دەرفەتی هاوکاری جیدی لە بواری کارەبادا هەیە. بزنسێکمان هەیە کە بەردەوامە. 300 مێگاوات هەیە، دەمانەوێت بۆ 600 مێگاوات زیادی بکەین."
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار گوتی: ماوەی 25 مانگە "هیچ لێشاوێکی نەوت لە هێڵی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا نەماوە. زانیاریمان لە سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت کە هێشتا پێویستیان بە کاتە. توانای ئەم هێڵە رۆژانە یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە".
بایراکتار هەروەها رایگەیاند، لە چوارچێوەی هاوکارییەکان بۆ سووریا، لە سێ مانگی داهاتوودا گازی سرووشتی بۆ سووریا دابین دەکەن و گوتی: ''کاری بۆرییەکانمان لە لایەنی سووریاوە دەستیپێکردووە. لە ماوەی سێ مانگدا گازی سرووشتی لە کیلیسەوە دەگەیێنینە سووریا. ئەم گازە سرووشتییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای حەلەب بەکاردێت."
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا گوتیشی: "شەش ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ سووریا دابین دەکەین. ئەمەش بۆ کارەبا گرنگە. ئێمە پرۆسەکانی مۆڵەتی توانای 500 مێگاواتمان لەسەر هێڵی نێوان بیرەجیک و حەلەب تەواو کردووە".