مەسرور بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوە؛ "ئەردۆغان نیگەرانی خۆی لە هێرشکردنە سەر هەولێر پیشانداوە"


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراویکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
 
لەو راگەیێندراوەدا کە چەند خولەکیک دوای کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسرور بارزانی بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆککۆماری تورکیا لە نووسینگەی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبووڵ، پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماریی تورکیا رایگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون و ئەردۆغان دڵگرانیی خۆی نیشانداوە بەوەی لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا خاکی عێراق بە هەولێریشەوە کراوەتە ئامانج.
 
ئەردۆغان بە مەسرور بارزانی راگەیاندووە کە تورکیا بە هیچ شێوەیەک نایەوێ شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پەل بکێشێت و هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
 
سەرۆککۆماری تورکیا پاراستنی سەقامگیریی عێراقی بۆ تەواوی ناوچەکە بە گرنگ ناوبردووە و رایگەیاندووە، پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە خێرایی خزمەت بە یەکڕیزی و تەبایی عێراق دەکات.
 
ئەردۆغان راشیگەیاندووە، تورکیا سوورە لەسەر پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە زۆر بواردا، بەتایبەتی بازرگانی، گواستنەوە و وزە.
 
ئەردۆغان رایگەیاندووە، جێبەجێکردنی "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان" نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ ناوچەی کەنداویش سوودی زۆری دەبێت.
 
سەرۆککۆمار ئەردۆغان باسی لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە کە سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و خوازیاری ئارامی و سەقامگیرین لە وڵاتەکەیان و وڵاتانی دراوسێش.