سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئیمارات بە تەلەفۆن قسەیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بە تەلەفۆن لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات قسەی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان و شێخ محەممەد ئال نەهیان بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. لە گفتوگۆکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات؛ هەروەها پرسە ناوچەیی و جیهانییەکانی باس کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەردۆغان باسی لەوە کردووە کە تورکیا و ئیمارات بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی هاوکاری لە زۆر بواردا دەدەن، بە تایبەت لە بواری بازرگانی، وزە و ئاسایشدا.
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ناوچەکە و دوایین هێرشەکان بۆسەر ئیمارات، نیگەرانی خۆی بۆ ئیمارات پیشانداوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پشتیوانیی تورکیا بۆ سەروەری و ئاسایشی ئیمارات بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار و هەوڵی چڕ دەدات بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لەنێوان ئەمریکا و ئێران؛ هەروەها پێویستی دیالۆگ و هاوکاری زیاتر بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و بەردەوامی تورکیا لە رۆڵی بنیاتنەری خۆی لەم بوارەدا دووپاتکردووەتەوە.
میدیا فەرمییەکانی ئیماراتیش ئاماژە بەوە دەدەن کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی بوارە جیاجیاکانی هاریکاری بەتایبەتی لە بواری ئابووری، گەشەپێدان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کراوە. هەروەها هەردوولا پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان دووپاتکردووەتەوە بۆ بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.