مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیرانی وزە و بەرگریی تورکیا کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا کۆبووەوە و جەختیان لە بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان لە بوارەکانی بازرگانی، نەوت و وزە کردەوە. مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیاش کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەسرور بارزانی و ئەلپئەرسەلان بەیرەکتار، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان دا کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە بەهێزترکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی، نەوت، وزە و کارەبا دا کردەوە.
هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە.
حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و
هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا کۆبووەوە
ئەمڕۆ شەممە 5/9 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری ئیستانبوڵ ، لەگەڵ ئەلپئەرسەلان بەیرەکتار وەزیری وزەی تورکیا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بواری وزە و سەرچاوە سروشتییەکان کرا.
هەردوولا جەختیان لە بەهێزترکردنی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و نەوت و وزە و کارەبادا کردەوە.