مەسرور بارزانی و هاکان فیدان پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان تاوتوێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و جەختیان لە گرنگیی ئەنجامدانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کردەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ تورکیا، لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە گفتوگۆکاندا هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کران و هەروەها جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو، عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەورووپا لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرایەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە
ئەمڕۆ شەممە 5/9 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکە گفتوگۆکاندا ، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا .
هەروەها جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا .