ئەردۆغان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پلانی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا (MGK) بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.

دوای دوو مانگ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دووبارە کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی پلانەکە، بابەتەکانی (بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی سووریا، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، گواستنەوەی دانەویڵە) و چەند تەوەرێکی دیکە باس دەکرێن. 
 
بەرپرسانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا جەخت لەسەر دۆخی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و چەند رێکخراوێکی دیکە دەکەنەوە. کۆبوونەوەکە کاژێر 15.00 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەردۆغان لە چواردەیەمین کۆنفرانسی باڵیۆزی وڵاتان لە ئەنقەرە شەوی رابردوو گوتارێکی پێشکێشکرد و جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، عێراق و سووریا کردەوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە لەگەڵ پێگەکانی عێراق بە شێوەیەکی هاوتەریب بەرەنگاری پەکەکە دەبنەوە. 
 
پێنجشەممەی رابردوو، 3-8-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی شورای باڵای تورکیاشی کرد. کۆبوونەوەکە لەکاتێکدا بوو کە ئەردۆغان پێش نیوەڕۆی هەمان رۆژ سەردانی گۆڕی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیای کرد.