کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا ئێستا لە پشوودایە و بە پێشنیازی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرایەوە، بەردەوامبوونی دانیشتنەکانی پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رەتکرایەوە.
پەرلەمانی تورکیا رۆژی سێشەممە 8-8-2023 لەسەر داوای فراکسیۆنی جەهەپە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەکانی دەرهێنانی کانزا و فەوتانی دارستانی شارۆچکەی ئاکبەلەن ـی سەر بە پارێزگای موغڵا کۆبووەوە. پەرلەمانتارانی جەهەپە گوتاریان پێشکێشکرد و باسیان لە بوونی هەڵمەتێکی دژی خەڵک کرد. جەهەپە، دەسەڵات بە بڕینی دار و فەوتاندنی دارستان تۆمەتبار دەکات. لەکاتێکدا بەرپرسانی دەسەڵات ئەمە رەتدەکەنەوە و دەڵێن "ئاکپارتی بە هەڵمەتی سەوزکردنی وڵات دەناسرێت."
دواتر فراکسیۆنی جەهەپە و پارتی سەعادەت دوو پێشنیازنامەیان بەرزکردەوە و داوایانکرد پەرلەمان نەگەڕێتەوە پشوو و دانیشتنەکان بەردەوام بن. ئەو پێشنیازنامەیە خرایە دەنگدان و 525 پەرلەمانتار دەنگیان دا. 244 پەرلەمانتار دەنگیان بە "بەڵێ" دا. هەروەها 281 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"ـیان دا و رەتیان کردەوە پەرلەمان درێژە بە دانیشتنەکانی بدات. بەمجۆرە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا پەرلەمان بچێتەوە پشوو و لە رۆژی 1-10-2023 کە کاتی فەرمیی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانە، بکرێتەوە.
ئەمە جاری دووەمە لە ماوەی مانگێکدا ئۆپۆزیسیۆن بە 200 واژۆ پەرلەمان دەکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵات زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی هەیە، ناتوانن درێژە بە دانیشتنەکان بدەن.
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 14-5-2023ـدا هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی، مەهەپە، یەنیدەن رەفاهـ و هوداپار) رێژەی 49.4٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 322 کورسیی لە کۆی 600 کورسی مسۆگەر کرد. هەروەها هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە، ئیی پارتی، ئایندە، دیموکراسی و پێشکەوتن، سەعادەت و پارتی دیموکرات) 35٪ـی دەنگەکانیان بردەوە و 212 کورسییان هەیە. هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکانیش کە هەدەپە رابەرایەتیی کرد 10.5٪ـی دەنگەکانی بردەوە کە 65 کورسییە.