سکرتێری گشتیی مەهەپە: تورکبوون ناسنامەی وازلێنەهێندراوی ئێمەیە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، "تورکبوون ناسنامەی وازلێنەهێندراوی ئێمەیە." ئاماژە بەوەش دەکات، مەهەپە و ئاکپارتی بە هاوئاهەنگییەکی تەواوەوە سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری.
عیسمەت بویوکئاتامان، سکرتێری گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە شارۆچکەی مستەفاکەمالپاشا، سەر بە پارێزگای بورسای تورکیا، باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد.
بویوکئاتامان گوتی، بەرژەوەندی، خۆشگوزەرانی، ئارامی و ئاسایشی گەلی تورکیایان لە سەرووی هەموو شتێکەوە داناوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا دەست بۆ هەمووان درێژ دەکەن و بەبێ جیاوازی گوێ لە کێشەکانی هەموو هاووڵاتییەک دەگرن و بۆ دۆزینەوەی چارەسەر کار دەکەن.
سکرتێری گشتیی مەهەپە باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد، کە بەشێک لە سیاسییەکانی تورکیا بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناوی دەبەن، و گوتی، "ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر کە لە ماوەیەکی کورتدا لەلایەن گەلە خۆشەویستەکەمانەوە پێشوازیی لێکرا، بووەتە ناوی یەکگرتن لە دەوری ئامانجە نیشتمانییەکانمان، بەردەوامیدان بە برایەتیی هەزار ساڵەمان و خاوەندارێتیکردن لە سەربەخۆیی و داهاتوومان."
سکرتێری گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا گوتی، پرۆسەی چارەسەری ئامانجێکە بەبێ سازشکردن، بێ دانوستاندن و بێ کردنەوەی هیچ دەرگایەک بۆ خۆبەدەستەوەدان، شەڕی 40 ساڵە کۆتایی پێ دەهێنێت.
ئەو بەرپرسەی مەهەپە گوتی، "بابەتی مشتومڕی ناسنامەی تورکی و مافە سەروەرییەکانی گەلەکەمان جێگەی باس نییە. تورکبوون ناسنامەی وازلێنەهێندراوی ئێمەیە. هەموو هاووڵاتییەکی تورک یەکسانە. مەهەپە هەموو هاووڵاتییانمان لەژێر چەتری گەلی تورکدا لە باوەش دەگرێ. ئەم ئامانجە پیرۆزە ناوی ئەو سووربوونەیە کە برایەتیی هەزار ساڵەمان دەپارێزێت."
بویوکئاتامان رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) گرت و گوتی: "هەرچەندە هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆن کە لە رزگاربوونی تورکیا لە بەڵای تیرۆر دەترسن، هەوڵیاندا بابەتەکە بشێوێنن و ئەم ئامانجە پیرۆزە لەکەدار بکەن، بەڵام گەلە خۆشەویستەکەمان رێگەی بە درۆ و تۆمەت نەدا. جەهەپە لەبەر سکاڵاکردن لەسەر تورکیا لە وڵاتانی بیانی دەرفەتی گوێگرتنی لە کێشەکانی گەلەکەمان نییە و ئیی پارتیش دوای ئەو کەوتووە و هەوڵدەدات بە درۆ و تۆمەت بوونی سیاسیی خۆی بەردەوام بکات و هیچ پێگەیەکیان لەبەرچاوی گەلەکەماندا نەماوە."
"براوە تورکیا و گەلی تورک دەبێت"
بویوکئاتامان دەڵێ، سەرەڕای بڕیاری ئاگربەستی کاتی لە غەززە، ئیسرائیل لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵک بەردەوام؛ ئاماژەی بەوەشدا، ئیسرائیل لە لایەکەوە لە هێرشەکانی بەردەوامە و لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵدەدات رێگری لە یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریا بکات و بە هاندانی هەسەدە/یەپەگە هەوڵدەدات ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری ببات.
ئەو بەرپرسە باڵایەی مەهەپە گوتی، تورکیا بە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانییەوە بەوریاییەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و گوتی: "دوای لەنێوبردنی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز، بەشداریکردنی ئەندامانی رێکخراوەکە بە چەکەکانیانەوە لە ریزەکانی هەسەدە/یەپەگە و داواکارییان بۆ دامەزراندنی یەکەیەکی جیاواز لە کاتێکدا دانوستانەکانیان بۆ یەکگرتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریا بەردەوامە، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان".
ئەو بەرپرسەی مەهەپە دەڵێ، دەرکەوتنی پەکەکە بە جۆرێکی دیکە "ناکۆکە لەگەڵ ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر و کۆماری تورکیا هەرگیز رێگە بەمە نادات. مەهەپە و هاوپەیمانیی کۆمار بە یەکگرتووییەکی تەواوەوە سوورن لەسەر پاککردنەوەی تیرۆر لە وڵاتەکەمان و تەواوی ناوچەکەمان. ئەوانەی لە بۆسەدان بۆ ئەوەی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر پەکبخەن، چارەنووسیان دۆڕانە. براوە، تورکیا و گەلی تورک دەبێت."