گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18,342 کەس
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 18 هەزار و 342 کەس بەرزبووەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتە 74 هەزار و 242 کەس.
بەگوێرەی دوایین ئامار کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاوکراوەتەوە، لە کاژێر 08:30 خولەکی ئەمڕۆ هەینی 10ی شووباتی 2023 بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەش کە پارێزگاکانی مەرەش، دیلۆک، رووها، ئامەد، سەمسوور، کیلیس، مەڵەتی و خارپێتی لە باکووری کوردستان و هاتای، عوسمانییە و ئادانای لە تورکیا گرتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندارن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، تائێستا 75 هەزار و 780 کەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزە لێیداون، گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.