هاکان فیدان لەبارەی مەخموور، شنگال و قەندیل: لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری روودەدات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی سووریا، ئێستا نۆرەی عێراقە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەبارەی پەکەکەوە بدات. ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا دوو بۆ سێ رۆژی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی شنگال و دەڵێت: "لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا روودەدات."
 
هاکان فیدان، شەوی دووشەممە 9ـی شوباتی 2026 لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە بوونی پەکەکە لە عێراق، مەخموور، شنگال و قەندیل کرد و گوتی، "ئەم کارە لایەکی عێراقیشی هەیە. دوای ئەوەی لای سووریا تەواو دەبێت، لای عێراق هەیە. ئینشائەڵڵا لە عێراق وانە لەوەی ئێرە وەردەگرن و بڕیارێکی ژیرانەتر دەدەن و گواستنەوەکە لەوێ ئاسانتر دەبێت". 
 
فیدان، ئاماژەی بە ئەگەری ئۆپەراسیۆن لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ سەر شنگال کرد و گوتی، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەگەری "گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا" هەیە کە مەخموور و شنگال و قەندیلیش دەگرێتەوە.
 
فیدان، جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی عێراق ناچار دەبێت ئیرادەیەک لەبارەی پەکەکەوە نیشان بدات و گوتی، "نابێت ئەو پێکهاتەیەی شنگال لەوێ بمێنێتەوە"
 
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا عێراق دەگاتە ئەو خاڵەی بڵێت، من دەوڵەتێکی سەروەرم و نابێت رێکخراوێکی چەکدار لەناو خاکمدا بێت؟" فیدان، بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە و گوتی، "خاوەنداریکردنی حکومەتی عێراق لە کێشەی پەکەکە بەتایبەتی لەسەر ئاستی گوتار، بابەتێکی پێنج ساڵی رابردووە".
 
فیدان، ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ هاتنەسەرکاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، بۆ یەکەمجار حکومەتی عێراق دەستی بە باسکردنی ئەم بابەتە کرد و گوتی: "لەسەردەمی بەڕێز سوودانی و ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو کاتە، پەکەکە وردە وردە زیاتر بووە جێی باسی ناوەندی بەغدا. بەڵگەی ئێمەش هەمیشە ئەمە بووە: پەکەکە رێکخراوێکە دژی تورکیا دامەزراوە بەڵام هیچ ناوچەیەکی نییە کە لە تورکیا داگیری کردبێت، یان بتوانێت داگیری بکات. بەڵام لەبەرامبەردا لە عێراق، رووبەرێکی فراوانی خاک داگیر دەکات. لە سووریا داگیر دەکات. کێشەکە لەوە زیاتر کە کێشەی من بێت، بووەتە کێشەی تۆ. تۆ چۆن دەوڵەتێکی سەروەریت کە بەم شێوەیە رێگە بە بوونی دەدەیت؟"
 
فیدان باسی لەوە کرد، دەوروبەری شنگال لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە گەمارۆ دراوە و نزیکەی 20 کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کردووە و گوتی: "کاتێک حەشدی شەعبی لە وشکانییەوە پێشڕەوی بکات و ئێمەش لە ئاسمانەوە هێرش بکەین، بابەتەکە دوو یان سێ رۆژ دەخایەنێت. کاتێکی زیاتری ناوێت. ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هێندە سادەیە".
 
"دەبێت عێراق حیساب بۆ هەڕەشەکەی ترەمپ بکات"
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەگەری گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، فیدان گوتی: "سیاسەتی فەرمیی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ هەر حکومەتێک کار دەکەین کە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بێتە سەر کار." 
 
فیدان، باسی لەوە کرد، ئەو کێشانەی لە سەردەمی مالیکیدا سەریان هەڵدا، خەڵکی تووشی ئەو نیگەرانییە کردووە کە هەمان کێشەکان دووبارە سەرهەڵبدەنەوە. گوتیشی دەبێت دژایەتیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەربژێرکردنی مالیکی، لە عێراقدا لەبەرچاو بگیرێت.
 
فیدان گوتی: "ئەمریکا ئامرازی سزای زۆری بەدەستەوەیە، بەتایبەت لە رووی داراییەوە، چونکە ئەگەر مانگانە دۆلار لە نیویۆرکەوە نەگات، ئابووریی عێراق دەرفەتی بەردەوامبوونی نییە."