وەزارەتی بەرگریی تورکیا: سیستمی پاتریۆت لە مەڵەتی جێگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە لەلایەن ناتۆوە راسپێردرابوو، لە پارێزگای مەڵەتی (باکووری کوردستان) جێگیرکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە رێوشوێنەکانی پاراستنی ئاسمانی تورکیا بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە زیاد کراون.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026 لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "جگە لەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی نیشتمانی گرتوومانەتەبەر، لەلایەن ناتۆوە رێوشوێنەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی زیادکراون. لەم چوارچێوەیەدا سیستمێکی پاتریۆت کە بۆ پاراستنی ئاسمانمان راسپێردراوە، لە مەلەتی جێگیر دەکرێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو پێشهاتانەی ئەم دواییەوە لە ناوچەکەدا رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و ئاسمان گیراونەتە بەر.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، راوێژەکان لەگەڵ ناتۆ بەردەوامن و باس لەوە کراوە کە لەلایەن هاوپەیمانییەکەوە رێوشوێنەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی زیاد کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێزە چەکدارەکانی تورکیا سوورن لەسەر دابینکردنی ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییانمان. بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەمان، رێوشوێنی پێویست بۆ ئاسایشی سنوورەکان و ئاسمانمان دەگیرێتەبەر و لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان لە راوێژداین."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، "وێڕای ئەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی نیشتمانی گرتوومانەتەبەر، لەلایەن ناتۆوە رێوشوێنەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی زیاد کراون. لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمێکی پاتریۆت کە بۆ پاڵپشتیکردنی پاراستنی ئاسمانمان راسپێردراوە و لە مەڵەتی جێگیر دەکرێت. وڵاتەکەمان کە توانای بەرگری و ئاسایشی خۆی لە بەرزترین ئاستدا دەپارێزێت، بەردەوام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان بە هاوکاری و راوێژ لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان و هەوڵدان بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە."
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردووی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دوو مووشەک لە ئاسمانی تورکیا و باکووری کوردستان خراونەتە خوارەوە.