نوعمان کورتووڵموش: راپۆرتەکەی کۆمیسیۆن دەستپێکێکی نوێیە بۆ تورکیا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەی پرسی کورد لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێکهێندراوە، بە راپۆرتێكی گرنگ ناودەبات و دەڵێ، راپۆرتەکە دەستپێکێکی نوێیە بۆ تورکیا.
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا شەوی دووشەممە 9ی ئاداری 2026 لە ئەنقەرە لەگەڵ پەیامنێرانی پەرلەمان کۆبووەوە و لەبارەی پێشهاتەکانەوە لێدوانی دا.
 
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا، راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی سەختدا ئامادەکراوە و رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە وەرچەرخانێکی چارەنووسسازە بۆ تورکیا.
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "نزیکەی بە کۆی دەنگ راپۆرتێک دەرچوو. ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە. ئەم راپۆرتە هەموو شتێک نییە، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکە، دەستپێکێکە. دەقێکی هاوبەشە، ئاراستەیەکی هاوبەشە. هیوادارم لە ماوەیەکی کورتدا ئەو پێشنیازانەی لە بەشەکانی شەش و حەوتدا خراونەتەڕوو، وەک پێشنیازی هاوبەش بە خێرایی بێنە پەرلەمان و وەرچەرخانێکی دیکەی گرنگ تێپەڕێنین. تورکیا هیچ کاتێکی نییە بە تیرۆرەوە بەفیڕۆی بدات. هیوادارم ئەم وێنە ئەرێنییە بگاتە ئاستێکی دیاریکراو، ئەنجامی دەبێت و تورکیا وەرچەرخانێکی گرنگی مێژوویی تێدەپەڕێنێت."
 
نوعمان کورتوڵموش ئاماژەی بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد و ئەو پرۆسەیەی بە "یاسای جەنگەڵ" ناوبرد.
 
کورتوڵموش هۆشداری دا لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل ناسەقامگیرییەکی گەورە دەخاتە رۆژەڤی جیهانەوە و گوتی، چارەسەر لەسەر مێزی دیپلۆماسییە نەک لە شەڕدا و گوتی، "وەکو دەوڵەت، هەموو یەکەکانمان لەپێناو پاراستنی تورکیا و بەردەوامبوونی وەکو دوورگەیەکی سەقامگیر، تێدەکۆشن. تورکیا هەرگیز راناکێشرێتە ناو ئەم ئاڵۆزییەوە. بە پتەوکردنی بەرەی نێوخۆی خۆی، بە بەهێزی لەسەر پێی خۆی دەمێنێتەوە."