بە فەرمانی ئەردۆغان لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی کارگە تەقەمەنییەکەی ئەنقەرە دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی تەقەمەنی و کەرەستەی مووشەک لە ئەنقەرە روویدا و پێنج کرێکار گیانیان لەدەستدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا فەرمانی بە وەزیری بەرگری کرد کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن. 
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تەقینەوەکە کاژێر 08:45 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ لە بەشی بەرهەمهێنانی "داینەمێت" روویداوە و لە ئەنجامدا پێنج کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا بڵاویکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندی بە یاشار گولەر، وەزیری بەرگرییەوە کردووە و زانیاریی لەبارەی رووداوەکە لێ وەرگرتووە. هەروەها فەرمانیکردووە دەست بە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە بکرێت. 
 
وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا، ڤەدات ئشکخان رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی کارگەی مووشەک و تەقەمەنی (MKE) لە قەزای ئێلماداغ، پشکنەری پسپۆڕی سەر بە وەزارەتەکەیان بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە پێویستەکان ئەرکدار کراون.
 
ڤەدات ئشکخان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە: "تیمێکی هاوئاهەنگی بۆ بەدواداچوون لە رووداوەکە پێکهێندراوە. جگە لەوەش پشکنەری پسپۆڕی سەر بە وەزارەتەکەمان بۆ بەدواداچوون ئەرکیان پێدراوە".
 
هەروەها ڤاسیب شاهین، پارێزگاری ئەنقەرە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "تەقینەوەکە لە بەشی بەرهەمهێنانی داینەمێت، بەهۆی کارلێکی کیماییەوە روویداوە. بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە، بەشێکی کارگەکە رووخاوە و پێنج کرێکار لە ژێر داروپەردووەکاندا گیانیان لەدەستدا. لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکرێت". 
 
ئەو کارگەیە دەکەوێتە ناوچەی ئەلماداخ لە ئەنقەرە و پێداویستییەکانی تەقەمەنی و کەرەستەی مووشەک و رۆکێت بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی تورکیا دابین دەکات.