فەخرەددین ئاڵتوون لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوورخرایەوە و پۆستێکی دیکەی پێدرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە کارەکەی دوورخرایەوە و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شوێنەکە دانرا، ئەویش پۆستێکی نوێی پێدرا.
بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پڕۆفیسۆر دکتۆر بورهانەدین دوران، کە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بوو، لە شوێنی فەخرەدین ئاڵتون کرایە سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار.
بریارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی تەممووز بە واژۆی سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
فەخرەدین ئاڵتون پۆستێکی نوێی پێدرا، ئەویش سەرۆکی دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانییە لە تورکیایە.
بورهانەدین دوران دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، سوپاسی ئەردۆغانی کرد و نووسی: "سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆککۆمارمان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم، کە پۆستی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی پێ سپاردم."