بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیاوە تائێستا 10 باڵەخانە رووخاون

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە ناوچەی سندرگی لە پارێزگای باڵکئەسیر روویدا و "تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."
 
ئەمڕۆ شەممە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، "بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە ناوچەی سندرگی لە پارێزگای باڵکئەسیر روویدا. تەواوی تیمەکانمان بەرەو شوێنی بوومەلەرزەکە ناردووە. تاوەکو ئێستا هیچ زیانێک جێی باس نییە."
 
سەرکان ساک، سەرۆکی شارەوانیی سندرگی بە میدیاکانی راگەیاند، "لە سنووری شارەوانییەکانمان نزیکەی 10 باڵەخانە رووخاون و تیمەکانمان بەپەلە گەیشتنە ئەوێ. ستافێکی تایبەتمان بەپەلە رێکخستووە و بە هاوئاهەنگی دەستیان بە هەڵمەتی رزگارکردن کردووە."
 
 
سەرۆکی شارەوانیی سندرگی هەروەها دەڵێت، هێشتا نەیانتوانیوە تیمەکان بنێرنە تەواوی باڵەخانە رووخاوەکان. تیمەکان هەروەها ژمارەیەک هاووڵاتییان لە ژێر داروپەردوو دەرهێناوە.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) بوومەلەرزەکە کاژێر 7:53ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە روویدا. ناوچەی سندرگی لە پارێزگای باڵکئەسیر چەقی بوومەلەرزەکە بوو.  
 
بوومەلەرزەکە لە ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، بورسە، ئایدن، یەڵۆڤا، ئێسکیشەهیر و ئەنقەرە هەستی پێکراوە.