ئەردۆغان لەبارەی بوومەلەرزەکەی باڵکئەسیر: لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
لە ئێکسێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تیمە پەیوەندیدارەکانیان ناردووەتە شوێنی بوومەلەرزەکە.
دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 لە ناوچەی سندرگی لە پارێزگای باڵکئەسیر روویدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە هیوای سەلامەتیی بۆ هاووڵاتیان خواست و گوتی: "بوومەلەرزەکە لە باڵکئەسیر و چەند پارێزگایەکی دیکە هەستی پێکراوە. هەر لە سەرەتای رووداوەکەوە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانمان کەوتنە جووڵە و دەستبەکاربوون. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین. خوا وڵاتەکەمان لە هەموو جۆرە کارەساتێک بپارێزێت".
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) بوومەلەرزەکە کاژێر 7:53ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە روویدا. ناوچەی سندرگی لە پارێزگای باڵکئەسیر چەقی بوومەلەرزەکە بوو.
سەرکان ساک، سەرۆکی شارەوانیی سندرگی رایگەیاند، 10 باڵەخانە لە سنوورەکەیدا رووخاوە و خەڵک کەوتوونەتە ژێر دارو پەردوو.
بوومەلەرزەکە لە ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، بورسە، ئایدن، یەڵۆڤا، ئێسکیشەهیر و ئەنقەرە هەستی پێکراوە.