دەم پارتی بۆ فیدان: بانگهێشتی هەسەدە بکەن بۆ ئەنقەرە

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وێڕای رەخنەگرتن لە زمانی "هەڕەشەئامێزی" وەزیری دەرەوەی تورکیا، داوا دەکات ئەنقەرە بانگهێشتی فەرماندەکانی هەسەدە بکات و لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026، تولای هاتیمۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەیان لە ئەنقەرە، سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان سازدا.
 
لە کۆنگرەکەدا تونجەر باکرهان بەتووندی وەڵامی لێدوانێکی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە کە گوتبووی "یان هێز دەبینن یان هەڕەشەی هێز". باکرهان گوتی: "ئەمە زمانی سیاسەتی پێکدادانە نەک دیپلۆماسی. پرسیار دەکەین، ئایا ئێوە دیپلۆماتکارن یان سەرباز؟ ئایا لە رێڕەوەکانی دیپلۆماسییەوە قسە دەکەن یان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەوە؟ بڕیار بدەن."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێیوایە ئەو زمانەی تورکیا بەکاریدەهێنێت، هەوڵێکە بۆ "سەرکوتکردنی ئیرادەی ئاشتی" و گوتی: "ئەگەر لە حەلەب رێگری لە چارەسەری بکەین، لە ئەنقەرەش رێگری لێ دەکەین."
 
باکرهان رێگەچارەی بۆ دۆخەکە خستەڕوو و داوای کرد: "بانگهێشتی بەڕێوەبەرانی هەسەدە بکەن بۆ ئەنقەرە. لەسەر مێزێک دابنیشن، گفتوگۆ بکەن و پێکەوە بەدوای چارەسەریدا بگەڕێن. بەڵام دەبینین کە هەندێک کەس لەبری ئەوە، دەیانەوێت گرژییەکان بەردەوام بن."
 
سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی حەلەبیش، باکرهان پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەست لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کرد و داوای کرد "دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکان رابگیرێن، رێڕەوی مرۆیی بکرێتەوە و ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە بە فەرمی بناسرێت." هەروەها جەختی کردەوە، دەبێت چارەنووسی گەنجان و ژنانی بێسەروشوێنبووی ئەو شەڕە ئاشکرا بکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 هێرش کرایە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی ئەو گەڕەکانە رووبەڕوویان بوونەوە. دوای هەفتەیەک لە شەڕ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، دوای نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ راگرتنی تەقە.