ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بکات. کۆبوونەوەکە چوارەمین دیداری نێوان هەردوولا دەبێت.
 
بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاژێر 14:00 ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 11 ـی شوباتی 2026 لە سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها بکات و پێکەوە باس لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان بکەن.
 
ئەمە دەبێتە چوارەم دیداری شاندی دەم پارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو پرۆسەیەی لە تشرینی یەکەمی 2024ەوە دەستی پێکراوە.
 
شاندەکە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجامدا. لە راگەیێندراوێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەدرا، "بە خۆشحاڵییەوە دەمانەوێ رایبگەیەنین کە لە تێگەیشتن و هاوڕاییەکی هاوبەشدابووین."
 
پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری پرسی کورد لە تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد.