سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاژێر 16:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، لە کۆشکى سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە پێشوازی لە کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان دەکات.
دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی، ئەردۆغان و میتسۆتاکیس بەشداری لە شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی ئاستبەرزی تورکیا-یۆنان دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند رێککەوتننامەیەک واژۆ دەکرێن، ئەوەش بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
دوای رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکان و کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هاوبەش، ئێوارە خوانێکی فەرمی رێکدەخرێ.
کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی ئاستبەرزی تورکیا-یۆنان کە یەکەمجار لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوون، تائێستا پێنج جار ئەنجامدراون.
دوای یەکەم کۆبوونەوە کە لە ئەسینا بەڕێوەچوو، ئەنجوومەنەکە لە چواری ئاداری 2013 لە ئیستەنبووڵ، شەشی کانوونی دووەمی 2014 لە ئەسینا، هەشتی ئاداری 2016 لە ئیزمیر و دواجاریش لە حەوتی کانوونی دووەمی 2023 لە ئەسینا کۆبووەوە.
لە پرۆسەی ئەنجوومەنی هاریکاریی ئاستبەرزدا تاکو ئێستا 70 بەڵگەنامە واژۆکراون. گرنگترینی ئەو بەڵگەنامانە "بەیاننامەی ئەسینا بۆ پەیوەندییە دۆستانەکان و دراوسێیەتیی باش" بوو کە لە کۆبوونەوەی دواییدا لەلایەن ئەردۆغان و میتسۆتاکیسەوە واژۆ کرا.
لەنێوان تورکیا و یۆناندا چەندین کێشەی بنەڕەتی و چارەسەرنەکراو هەن کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ دەگەڕێتەوە، لەوانەش سنوورە دەریاییەکان.