ئەردۆغان بۆ لایەنەکانی سووریا: هەڵەی رابردوو دووبارە مەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بە "گرنگ" ناودەبات و داوایان لێدەکات، خۆیان لە هەر هەڵەیەک دووربگرن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە رۆژی چوارشەممە 11-02-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
بەشێکی گوتارەکەی ئەردۆغان لەبارەی دانوستاندنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە و رێککەوتنی نێوانیان بوو و گوتی، "جێبەجێکردنی بەندەکانی دانوستاندنەکانی 18 و 30ی کانوونی دووەم لەسەر بنەمای یەک سوپا، یەک دەوڵەت و یەک سووریا زۆر بە گرنگ دەزانین."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، "لە سووریا نەخشەڕێگەی ئاشتیی هەمیشەیی و سەقامگیری دیاری کراوە. نابێت لایەنەکان لەمڕۆوە هەڵە بکەن، نابێت هەڵەکانی پێشوو دووبارە بکەنەوە و بە داواکاریی ئەستەم پرۆسەکە ژەهراوی بکەن...تورکیا لە ناوچەکەدا بەدوای هەژموون و بەڕێوەبردن نییە، و هەرگیز ئارەزووی دیزاینکردنەوەی وڵاتانی دیکەی نییە. بە پێچەوانەوە، ئێمە راستگۆیانە برایەتیمان دەوێت."
ئەردۆغان وەڵامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی دایەوە کە لە بابەتی سووریادا رەخنە لە سیاسەتی ئەنقەرە دەگرن.
ئەردۆغان رایگەیاند، جەهەپە راستناکات و لە خەمی خەڵکی سووریادا نییە، هەروەها گوتی، "ئەوانە خەمی کورد، نوسەیری و ئەوانی دیکەیان نییە و منەتیان پێیان نییە. ئەگەر وابووایە لە 13 ساڵ کە بۆمبی بەرمیلی بەسەر ئەو خەڵکەی سووریادا دەباری، کاردانەوەیان دەبوو. ئەگەر وابووایە، لەو کاتەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەوێ جمەیان دەهات، قسەیان دەکرد. ئەگەر وابووایە کاتێک جەستەی بێگوناهی منداڵانی 3-4 ساڵ لە کەناراوەکاندا دەدۆزرانەوە، دەنگیان هەڵدەبڕی. ئەگەر وابووایە، ئەوکاتەی تەنانەت ناسنامە بە برا کوردەکانمان نەدەدرا، ناڕەزاییان نیشاندەدا و بۆ داکۆکیکردن لە مافی کوردانی سووریا تێدەکۆشان. بەڵام هیچیەک لەمانەیان نەکرد."