عیرفان فیدان بە بریکاری سەرۆکی دادگەی دەستووریی تورکیا هەڵبژێردرا
رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکاری لە دادگەی دەستووریی تورکیا کرا و عیرفان فیدان کرایە بریکاری سەرۆک و چاوەکان لەسەر هەڵوێستی نوێی ئەو دادگەیەن لە دۆسیەی سەڵاحەدین دەمیرتاش.
ئەرکی حەسەن تەحسین گۆکجان، بریکاری سەرۆکی دادگەی دەستووری رۆژی 23ی ئادار کۆتایی دێت. بەگوێرەی مادەی 146ی دەستووری تورکیا و مادەی 12ی یاسای ژمارە 6216ی تایبەت بە دامەزراندن و رێکارەکانی دادگەییکردن لە دادگەی دەستووری، لە دەستەی گشتیی دادگەی دەستووریدا هەڵبژاردن کرا.
لە دەنگدانەکەدا عیرفان فیدان لە کۆی دەنگی 15 ئەندامی دادگەکە هەشت دەنگی بەدەستهێنا و وەک بریکاری سەرۆکی دادگەی دەستووریی تورکیا هەڵبژێردرا. بەربژێرەکەی دیکەش کە سەڵاحەدین مەنتەش بوو، حەوت دەنگی بەدەستهێنا.
فیدان کێیە؟
ساڵی 1974 لە شارۆچکەی فاتسای سەر بە پارێزگای ئۆردو لەدایکبووە.
ساڵی 1996 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە.
ساڵی 1997 لە ئەنقەرە بووەتە بەربژێری دادوەری
دواتر بووە داواکاری گشتی
ساڵی 2015 بووە جێگری داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ
دواتر پۆستی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵی وەرگرت
ساڵی 2021 بووە ئەندامی دادگەی دەستووریی تورکیا
هەڵوێست و رۆڵی دادگەی دەستووریی تورکیا لە دۆسیەی دەمیرتاش
دادگەی دەستووریی تورکیا، لەبارەی داواکاریی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی 2016وە لە زیندانە، بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە مافی ئازادی و ئاسایشی کەسی بەگوێرەی مادەی 19ی دەستوور پێشێل کراوە.
بڕیارەکە لە ژمارەی 19ی حوزەیرانی 2020ی رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دادگەی دەستووری دەڵێ، پێویستە بڕی 50 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 1130 دۆلار) وەک قەرەبووی مەعنەوی بە دەمیرتاش بدرێ.
دادگەی باڵای تورکیا کە لە ساڵانی 2017 و 2018 پێنج داواکاریی جیاوازی بەناوی دەمیرتاشەوە پێشکێشکرابوون، هەڵسەنگاندنی بۆ کردن و بڕیاریدا.
دادگەکە گوتی، بەهۆی زیندانیکردنی دەمیرتاش لە "ماوەی گونجاو" تێپەڕیوە، مافی ئازادی و ئاسایشی کەسی پێشێل کراوە.
دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتەکانی "دامەزراندنی رێکخراو بۆ ئەنجامدانی تاوان"، "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی" و "ئەنجامدانی تاوان بەناوی رێکخراوەوە" دەستگیرکرا.
دواتر بەهۆی لێدوان و گوتارەکانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان و کۆبوونەوەکانی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، چەندین تۆمەتنامەی بۆ ئامادەکرا کە هەموویان کرانە دۆسیەی یاسایی.
دەمیرتاش کە 33 دۆسیەی لەسەر کرایەوە، هەموویان لە چوارچێوەی "دۆسیەی سەرەکی" لە دادگەی 19ی سزا قورسەکانی ئەنقەرە یەکخران.
رۆژی 7ی ئەیلوولی 2018، دادگەی 26ی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ سزای 4 ساڵ و 8 مانگ زیندانی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی" لە وتارێکی ساڵی 2013ی نەورۆزی ئیستەنبووڵ.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سی جار بە فەرمی بڕیاری لەسەر دەمیرتاش دەرکردووە و بە پێویستی زانیوە ئازادبکرێت.
بەڵام دادگەکانی تورکیا بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایان جێبەجێ نەکردووە.
رۆژی 4ی کانوونی یەکەمی 2018 سزای 4 ساڵ و 8 مانگ بەسەر دەمیرتاشدا سەپێندرا.
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەگوێرەی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.