باکرهان: کوردی ئێران بە پشتبەستن بە ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی بە خەبات نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، کوردی ئێران بە پشتبەستن بە ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی بە خەبات نەکردووە و ماوەی 100 ساڵە خەبات دەکات.
تونجەر باکرهان، رۆژی سێشەممە 10-3-2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی پرسی کورد، جەنگی ئێران، هەڵوێست و تێڕوانینی کورد لەمبارەیەوە و چەند بابەتێکی دیکەی کرد.
تونجەر باکرهان لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئەو مووشەکانەی کەوتنە ناو خاکی تورکیاوە گوتی، "لە هەر شوێنێکی جیهان فیشەکێک بتەقێت، شرۆڤەکارانی لایەنگری دەسەڵات کە چاویان لەسەر کوردە، دەستبەجێ لە شاشەکان دەردەکەون و لێدوانی هاوشێوەی فەرمانی سەربازی دەردەکەن. ئەو سیاسەتڤانانەی خۆیان بە سەرپەرشتیاری کورد دەزانن و ئەو شرۆڤەکارانەی ئامۆژگاریکردنی کوردیان کردووەتە پیشە، با چیدی ئەم رستانە نەڵێنەوە کە دەڵێ؛ دەبێت کورد تێبگات کە هێزە دەرەکییەکان سوودیان بۆی نییە و کورد نابێت رێگە بدات وەک کارت بەکاربهێندرێت."
"کوردی ئێران مێژوویەکی مەزن و ریشەیی لە بەرخۆدان هەیە"
هاوسەرۆکی دەم پارتی لە وەڵامی بەشداریکردنی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جەنگەکە رایگەیاند، لە سەردەمێکدا نە رژێمی مەلا و نە شا هەبوون، ئەو شاخانە بە ناوی شاخەکانی کورد ناونرا.
هەروەها بە تووندی رەخنەی لەو دەنگۆیانە گرت کە گوایە هێزەکان بە رینمایی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشداری دەکەن و گوتی، "ئایا کورد بە پشتبەستن بە ئیسرائیل و ئەمریکا خەبات دەکات؟ ئەمە ناحەقییە بە کورد. لە ئێران زیاتر لە 10 ملیۆن کورد دەژین. ئەم خەباتە دوێنێ دەستی پێنەکردووە. کوردی ئێران مێژوویەکی مەزن و ریشەیی لە بەرخۆدان هەیە کە لە سمکۆی شکاکەوە دەستپێدەکات تاوەکو سولەیمان موعینی، عەبدولڕەحمان قاسملو، فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەمهوولی درێژ دەبێتەوە. وەک بڵێی کورد دوای دەستوەردانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەوێ، ئینجا کورد دەستی بە خەبات کردووە. کورد سەت ساڵە خەبات دەکات و متمانە بە هیچ کەس ناکات. متمانە بە هێزی خۆی خەڵکەکەی دەکات."
باکرهان رایگەیاند، وەرن کۆتایی بەو تەڵەیە بهێنین کە کوردی خستووەتە نێوان دوو بژاردەی راپەڕین و سەرکوتکردن لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە.
هەروەها گوتی، "با بە برایانە و یەکسانی پێکەوە بژین. شەڕی ناو ئێران، دەبێت پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا خێراتر بکات."
"با ئەم نەورۆزە دەمیرتاش لە ئامەد و یوکسەکداغ لە ئیستەنبووڵ بن"
ئەمە لەکاتێکدایە سیاسەتڤانانی باکووری کوردستان بە جیدی چاوەڕێن بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی یاسایی لە پرسی کورد بنێت و بەردەوام ئەم داواکارییە بە گوێی ئەنقەرەدا دەدەن.
باکرهان رووی دەمی کردە ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا و گوتی، "پێویست بە چاوەڕوانیی پەرلەمان ناکات. بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکەن. جێبەجێی بکەن با لەم نەورۆزەدا دەمیرتاش لە ئامەد و یوکسەکداغ لە ئیستەنبووڵ بن. با زیندانییانی کۆبانێ و گەزی پێکەوە لە دەوری ئاگری نەورۆز ئاهەنگ بگێڕن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی کرد، "چۆن دەتوانین یەکێتیی نیشتمانی دابین بکەین؟ کاتێک سەرۆکی گەورەشارەوانیی شارێکی 15 ملیۆن کەسیی وەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە دەستبەسەری دادگەیی دەکەن، ماوەی ئەرکی قەییوومەکان درێژ دەکەنەوە، زوڵم لە ئەکادیمییەکانی ئاشتی دەکەن و بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ ناکەن؟ چۆن دیموکراسی دەستەبەر دەکەن؟"
"رژێمی ئێران ستەمی چاند و ئێستا تووڕەیی دەدوورێتەوە"
باکرهان رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران گرت و گوتی، "رژێمی ئێران لەجیاتی ئەوەی رەزامەندیی گەلان و ئایینزاکان بەدەستبهێنێت، هەموو بوونی خۆی خستە خزمەت تۆپ و چەکەوە. هەموو جۆرە ئازادییەکی لە ژنان قەدەخە کرد. نەیتوانی ئابووری بەڕێوە ببات. ئازادیی بە ناسنامە جیاوازەکان نەدا. رۆژانە دەیان کورد و ئۆپۆزسیۆنی لەسێدارە دا. لە پەیوەندیی نێوان خۆی و گەلی ئێراندا ستەمی چاند، ئێستاش تووڕەیی دەدوورێتەوە."
"گۆڕینی رژێم لەڕێی دەستوەردانی دەرەکی دیموکراسی ناهێنێت"
سەرەڕای رەخنەکانی لە حکومەتی تاران، تونجەر باکرهان دژی هێرشەکان بۆ سەر ئێران وەستایەوە و گوتی، "گۆڕینی رژێمی وڵاتێک لە رێگەی دەستوەردانی دەرەکییەوە، دیموکراسی و بەختەوەری بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر ناکات. ئەمە گرنگترین وانەیە کە دەتوانین لەم شەڕەوە فێری ببین."
باکرهان راشیگەیاند، رێگەی هاتنی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی، لە خەباتی رەسەنی گەل خۆیەوە بەدی دێت و گوتی، "تاوەکو شەڕ گەورەتر بێت، سنوورەکان نا، بەڵکو ئازارەکان فراوانتر دەبن؛ کاتێک هێزە جیهانی و هەرێمییەکان ململانێ دەکەن، گەلان دەبنە قوربانی. دەبێت دەستوەردانە دەرەکییەکان کۆتایییان بێت و رژێمە نکۆڵیکارەکانیش بگۆڕدرێن. راستە ئێمە دژی دەستوەردانی دەرەکین؛ بەڵام لەگەڵ گۆڕینی ئەم رژێمە نکۆڵیکارەین."
"واز لە ئامۆژگاریکردنی کورد بهێنن"
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لەبارەی جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئەگەری بەشداریکردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر کردەیەکی سەربازیی زەوینیدا رایگەیاند:" برا کوردەکانم بۆ فرۆشتن نین. بۆ کرێ نین. نیشانشکێنی کەس نین. ناتوانرێ وەکو کەرەستە لە پڕۆژەی ئەم و ئەودا سەیر بکرێن و نیشان بدرێن".
باکرهان لە وەڵامی ئەو گوتانەی باخچەلی رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەم هەڵوێستەی کورد و دەم پارتی روونە، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن پێداگری لەسەر ئامۆژگاریکردنی کورد دەکەن و گوتی، "بڕوانن، لە هەر شوێنێکی جیهان فیشەکێک بتەقێت، ئەو شرۆڤەکارانەی چاویان لەسەر کوردە دەستبەجێ لە شاشەکان دەردەکەون. وەک ئەوەی فەرمانی گرتن یان کوشتن دەربکەن، لێدوان دەدەن. ئەو سیاسەتڤانانەی خۆیان بە سەرپەرشتیاری کورد دەزانن و ئەو شرۆڤەکارانەی ئامۆژگاریکردنی کوردیان کردووەتە پیشە، با چیدی ئەم جۆرە رستانە نەڵێنەوە: 'دەبێت کورد تێبگات کە هێزە دەرەکییەکان سوودیان بۆیان نییە... کورد نابێت رێگە بدات وەک کارت بەکاربهێنرێت...' بەم حەماسەتە بەتاڵە واز لە شاردنەوەی راستییەکان بهێنن و واز لە ئامۆژگاریکردنی کورد بهێنن. کورد دەزانێت لەکوێ و چی دەکات."
"ئەوانەی نیگەرانن بە باسی کرد، با سەیرێک بکەن و بزانن لەکوێ هەڵەیان کردووە"
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی هەفتەیەکە هەموو جیهان لە رێگەی ئێرانەوە باس لە کورد دەکات و گوتی، "مانگێک بەر لە ئێستاش جیهان باسی کوردی دەکرد و چەقی باسەکە سووریا بوو. بۆچی جیهان بەردەوام باسی کورد دەکات؟ کەمێک بیر بکەنەوە. ئەگەر کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین هاووڵاتیی یەکسان و ئازاد نەبن، ئەگەر بێ ناسنامە و لەژێر فشار و ستەمدا بژین، بێگومان باسی کورد دەکرێت. لە ئێراندا باس لە چی بکەین؟ بێگومان باس لە کوردی بێ ناسنامە دەکەین. ئەوانەی کورد بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەکاردەهێندرێن، خۆیان بۆ ماوەی سەدەیەک بە سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوی چاویان لە ئاست کورد داخستووە. ئەگەر ئەمڕۆ باسی کورد دەکرێت، بەرپرسیارەکەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆ و دەوڵەتانی ناوچەکەن. ئەوانەی خەمبارن کە بۆچی باسی کورد دەکرێت، با سەرەتا لە خۆیان بپرسن کە لە کوێدا هەڵەیان کردووە."
"با چوار وڵاتەکە وەکو زڕکوڕ سەیری کورد نەکەن"
باکرهان بۆ ئەوەی ئیدی باس لە کورد نەکرێت، رێگەچارەکەی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە، "ئایا کاتێک تەقەیەک دەکرێ، ترسی ئەوەتان هەیە کە ئایا کورد چی دەکەن؟ رێگەی نەهێشتنی ئەم ترسە دیارە. وەک نەتەوەیەک دان بە ماف و ئیرادەی کورددا بنێن. با کورد بە ئازادی بە زمان، ناسنامە و کولتووری خۆی بژی. با لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین (عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا)، نەک وەک زڕکوڕ، بەڵکو وەک هاووڵاتیی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
"مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی رایانگەیاند نابنە هەڕەشە"
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، کورد و سەرکردەکانیان لە دەرەوە بەدوای چارەسەر ناگەرێن، بەڵکو لەو وڵاتانەدا دەگەڕێن کە تێیدا دەژین و گوتی، "بەڕێز ئۆجەلان ساڵانێکە لە خاکی ئەم ناوچەیەدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت. داوای لە ئێران کرد رێگەی دیموکراسی بگرێتەبەر و گوتی 'دان بە گەلان و ئایینزاکاندا بنێن'. بە کوردیشی گوت 'مەبنە بەشێک لە شەڕی ناوچەیی، بەڵام لەبەرامبەر ئەوانەی نکۆڵیتان لێ دەکەن، یەکگرتوو بن و تێبکۆشن'."
گوتیشی، "بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بە روونی رایانگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان هەڕەشە بۆ سەر هیچ دراوسێیەک دروست ناکات. بەڕێز بافڵ تاڵەبانیش ئەم هۆشدارییە مێژووییەی دا و گوتی: 'بەکارهێنانی کورد وەک سەری رم لەم شەڕەدا هەڵەیەکی گەورەیە. کوردستان نابێت ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵکو دەبێت ببێتە پرد'. پەیامی کورد و سەرکردەکانیان روون و شکۆمەندانەیە: وەک هەڕەشە لە کورد مەڕوانن. وەک گەلێک کە دەتوانێت بەشداری لە ئاشتیی ناوچەییدا بکات، دان بە کورددا بنێن و قبووڵیان بکەن. بە روونی دەیڵێم: نە ئێران، نە ئیسرائیل و نە ئەمریکا، مافی ئەوەیان نییە خاکی هەرێمی کوردستان و شارە کوردییەکانی ئێران بکەنە گۆڕەپانی جەنگی خۆیان."
"هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین"
باکرهان هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و گوتی، "لە لایەن رژێمی ئێرانەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی هەیە. ئێمە ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکەین و قبووڵی ناکەین. دەبێت ئێران کۆتایی بە هەڕەشەکانی بۆ سەر کورد و هەرێمی کوردستان بهێنێت. پێش ئەوەی هەڕەشە بکات، دەبێت باجی ئەو هەزاران مرۆڤە بدات کە لە سێدارەی دان و کوشتنی، دەبێت دان بە مافەکانی کورددا بنێت."
"یەکێتیی دیموکراسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، ئەورووپا یەکێتیی خۆی دروست کردووە و پرسیاری کرد، "باشە، بۆچی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێتیی خۆی دروست نەکات؟ وەرن پێکەوە 'یەکێتیی دیموکراسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست' دروست بکەین کە تێیدا دیموکراسی، ئاڵوگۆڕی کولتووری و هاوکاریی ئابووری هەبێت. بەرپرسیارێتیی سەرەکی لێرەدا لەسەر شانی دەوڵەتانی ناوچەکەیە. دڵنیابن گۆڕانکاریی دیموکراسی تەنیا لە یەک دەوڵەتدا، هەنگاو بە هەنگاو کاریگەریی دروست لەسەر هەموو ناوچەکە دادەنێت. بۆچی تورک و کورد پێشەنگیی ئەمە نەکەن؟ بۆچی تورکیا ئەم یارییە تێکنەشکێنێت؟ ئەم قۆناخە دەرفەتێکە. وەرن کۆتایی بەو تەڵەیە بهێنین کە کوردی خستووەتە نێوان دوو بژاردەی راپەڕین و سەرکوتکردن لەلایەن دەوڵەتانەوە. ئێمە دەڵێین با بە برایانە و بە یەکسانی پێکەوە بژین."
"دەبێت شەڕی ئێران پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا خێراتر بکات"
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە چیرۆکی سووریا، ئێران و عێراق زۆر شت دەڵێن و گوتی، "وڵاتێک کە ئاشتی و ماف و یاسا رەت بکاتەوە، سەرەنجام پەلکێشی ئەو گێژاوەی شەڕ دەکرێت. دەمانەوێت وڵاتەکەمان لەو زریانە بپارێزین کە نزیک دەبێتەوە. کێشەی کورد نابێت دووبارە ببێتە پاساوی شەڕی ناوچەیی. شەڕی ێران، نابێت کەشێکی سەربازی لە تورکیا زیاد دروست بکات، بەپێچەوانەوە دەبێت چارەسەری خێراتر و گەورەتر بکات. دەبێت هەمووان قەدری ئەو پڕۆسەی ئاشتییەی لە تورکیادا بەڕێوە دەچێت، بزانن."
"ئەنقەرە هێشتا بەدوای حیسابی بچووکەوەیە"
باکرهان وەبیری هێنایەوە کە ساڵێکە دەڵێن "با دوا نەکەوین و پەلە بکەین" و گوتی، "گەردەلوولێک هاتووە و هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەمڕۆ وەک ئەوەیە لەسەر پردی سیڕات بین. چانسی ئەوەمان نییە ئەم وەرچەرخانە مێژووییە و ئەم دەرفەتە مێژووییە بە دەستی دەستی و دواخستن بەفیڕۆ بدەین. چیتر کاتمان لەدەستدا نەماوە. مەترسییەکە گەورەیە بەڵام دەسەڵات هێشتا بەدوای حیسابی بچووکەوەیە. فەرموون جیهان باسی دەکات، ئەوانیش خەریکی درێژکردنەوەی ماوەی قەییوومەکانن. لەکاتێکدا گەرەنتیی ئەم سەردەمە سەختانە، تەنیا یاسایە."
"ئایا گوتنی 'گەڕانەوەی ئەحمەدەکان بۆ سەر کار' تەنیا قسەیەکی سەرپێیی بوو؟"
لە کاتێکدا چەند جارێکە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوا دەکات هەریەک لە ئەحمەد تورک، سەرۆکشارەوانیی مێردین (دەم پارتی) و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنلەر (جەهەپە) کە قەییومکراون، بگەڕێندرێنەوە پۆستەکانیان، هێشتا هیچ هەنگاویک نەنراوە. تەنانەت ماوەی قەییومی مێردین بۆ دوو مانگی دیکەش درێژکرایەوە.
باکرهان وەبیری هێنایەوە کە ماوەی ئەرکی ئەو قەییوومەی لە شوێنی ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین دانراوە، درێژ کراوەتەوە و گوتی، "ئایا گوتنی 'ئەحمەدەکان بۆ سەر کار بگەرێندرێنەوە' تەنیا قسەیەکی سەرپێیی بوو؟ بە کام عەقڵ و یاسا ماوەی قەییووم درێژ کرایەوە؟ کۆتایی بەمە بهێنن. قەییوومەکان بکشێننەوە و با هەڵبژێردراوەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان."
"با زیندانیانی کۆبانێ و گەزی پێکەوە نەورۆز بکەن"
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، رەخنەی لە وەزیری داد گرت کە گوتبووی "بڕیارەکە لای پەرلەمانە" و گوتی، "بەڕێز وەزیر، لێرەدا بابەتی بڕیاردان لە ئارادا نییە. ئەمە ئەرکی ئێوەیە نەک پەرلەمان. بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا هەن. پێویست بە چاوەڕوانیی پەرلەمان ناکات. جێبەجێی بکەن با لەم نەورۆزەدا دەمیرتاش لە ئامەد و یوکسەکداغ لە ئیستەنبووڵ بن. با زیندانیانی کۆبانێ و گەزی پێکەوە شایی نەورۆز بکەن."