یاریدەدەرێکی ئەردۆغان: تورکیا ناچارە ساڵانە بایی 100 ملیار دۆلار وزە هاوردە بکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەرێکی سەرۆکی ئاکپارتی دەڵێ، ئەگەر خەرجییەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە لە خەزینەی دەوڵەت بووایەن، زۆر جیاوازتر دەبوو. دەشڵێ، وڵاتەکەی ناچارە ساڵانە بایی 100 ملیار دۆلار وزە هاوردە بکات کە ئەمە بارێکی گرانە.
حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆنفرانسێکی تایبەت کە رۆژی شەممە 11-4-2026 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
یایمان باسی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کرد و گوتی: "بەگوتەی سەرۆککۆماریشمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پەکەکەدا دوو تریلیۆن دۆلار خەرج کرا. کاتێک وا بیر بکەینەوە کە ئەو پارەیەش لە خەزینەی دەوڵەت بێت، تورکیا لە پێگەیەکی دیکەدا دەبێت".
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی هەروەها جەختیکردەوە، لەم ساتەدا کە تەپەی پێی جەنگی سێیەمی جیهان دێت، هەمووان خوازیارن تورکیا بەندەرێکی ئارام و پڕ لە ئاسایش بێت.
لەبارەی هێزی ئابوورییەوە حوسێن یایمان گوتی:"تورکیا، سەرچاوەی دەوڵەمەندی گازی سروشتیی نییە. سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتی نییە. هەروەها کانی دەوڵەمەند بە ئاڵتوون و خەڵووزی نییە. بەڵام تورکیا لە سەرچاوەی مرۆییدا پێشکەوتووە. تورکیا ساڵانە ناچارە بایی 100 ملیار دۆلار وزە هاوردە دەکات. ئەگەر ئەو بڕە بۆ پەرەپێدان و خەڵکی خۆمان خەرج بکەین، شتێکی دیکە دەبێت".
یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی هەروەها رایگەیاند، کاتێک ئاکپارتی ساڵی 2002 دەسەڵاتی وەرگرت، داهاتی نیشتمانیی تاک سێ هەزار دۆلار بوو، ئەمڕۆ گەیشتووەتە 18 هەزار دۆلار.